ڕانیە، بۆ یادی کاوە گەرمیانی ٦ نەمام چێندران

لە شارۆچکەی ڕانیە، لە شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید کاوە گەرمیانی، ٦ نەمام چێندران، هاوکات ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ئەو سنورە بەڵێنی بەردەوامکردنی ڕێگای شەهیدانی قەڵەمیان دووپاتکردەوە.


ئێوارەی ئەمرۆ کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی سنوری شارۆچكەی ڕانیە، شەشەمین ساڵیادی تیرۆری کاوە گەرمیانیان بە چاندنی ٦ نەمام کردەوە.

دوای چاندنی نەمام و وەستانی خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی قەڵەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕۆژنامەنووس سامان عومەر بەیاننامەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە:"ئەمڕۆ کە شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس"کاوە گەرمیانی" ئامادەبوون و گردبوونەوە بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە هێماو تێگەیشتنی خۆی هەیە کە دەمانەوێت ئەوە پیشانی ڕای گشتی و دەسەڵات بدەین کە کردەی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان لەبیرنەکراوە و لە هەر جێگایەکی ئەم کوردستانە ئەنجامبدرێت لە ئەستۆی هێز و دەسەڵاتی ئەوناوچەیەدایە، ڕوون و ئاشکرایە کە تیرۆری ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی بووە بە خاڵی ڕەشی دەسەڵاتی ئەم زۆنە".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە:"لە کاتێکدا یادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی بەرز ڕادەگرین، دەبینین هۆکارەکانی تیرۆر و تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەسەڵاتەوە کۆتاییان نەهاتووە و ڕۆژانە بە میکانیزم و شێوازی جیاواز دەخرێنە ڕوو، کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕاپێچکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ بەردەم دادگاکان و دادگایی کردنیان بە ماددەی جیاوازی یاسایی و پشتکردنە یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە کە بەئامانجی بێدەنگــکردنی ڕۆژنامەنوسان و دەنگە ئازاکان دەکرێت شکستیان خواردووە، چونکە ڕوحی بەرەنگاری"کاوە گەرمیانی" و شەهیدانی دیکەی قەڵەم لەناوماندا چەقیووە و پەیمانی بەردەوامی و دەرێژەپێدەری کارەکانیان دەدەین".

 ب.ش