بە بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگاکان بۆ سەرجەم قۆناغی خوێندن لە هەرێمی کوردستان هەتا ڕۆژی ٧-١-٢٠٢١ درێژکرایەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، کە زانکۆ و پەیمانگاکان بە هەمان شێوەی پێشوو بەردەوامدەبن لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و ناو کامپس.
ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و ١١ بڕیاریان لەبارەی پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەرکرد.
بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، بریتین لە:
١- دەوامی قۆناغەکانی (١ و ٢) بنەڕەتی و (١٢) ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا ڕۆژی (٧-١-٢٠٢١) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
٢- قۆناغی (١ و ٣) بنەڕەتی و (١٢) ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی “نائیلزامی” سود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.
٣- قۆناغی (٣) بنەرەتی تا (١١) ئامادەیی (حکومی – ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا ڕۆژی(١-٧-٢٠٢٠)و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبون لە قوتابخانەکان ڕادەگیرێت.
٤- ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنوردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.
٥- دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا ڕۆژی (٧-١-٢٠٢١) ڕادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەكرێت.
٦- دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی(١-٧-٢٠٢١) ڕادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەکرێت.
٧- بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سود لەو پشوە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.
٨- لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) بەپێی ھەمان پلانی پێشو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان تا ڕۆژی (٧-١-٢٠٢١) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.
٩- بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی ڕێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا ٧-١-٢٠٢١) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
١٠- ڕاسپاردنی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان (مزگەوت، کلێسە و هۆڵی بۆنەکان) بە مەبەستی پابەندکردنیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
١١- دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (٥٢) لە (٧-١-٢٠٢١).
ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (٢-١٢-٢٠٢١) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم رێکەوتە لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتوێکردنی رەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.
د.ع