ڕای پەرلەمانتارانی یەكێتی و پارتی لەسەر كۆبونەوەكەی ١٨ی شوبات

پەرلەمانتارانی (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) سوورن لەسەر ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی ١٨ی شوبات ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، داواش لە لەلایەنە سیاسییەكان دەكەن دۆخی هاوڵاتیان ڕەچاو بكەن و لە كەمترین كاتدا كابینەی نۆیەم پێكبهێندرێت.


لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٥ی شوباتی یەكێتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق كە لە هەولێر ئەنجامدرا بڕیادرا، ڕۆژی ١٨ی شوبات پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببنەوە، پەرلەمانتارانی یەكێتی و پارتیش لەسەر ئامادەییان بۆ بەشداری لە كۆبونەوەكەدا بۆ ڕۆژنیوز بەم شێوەیە دووان.

 جەلال پەرێشان، لە فراكسیۆنی پ.د.ک، پێیوایە دانیشتنی پەرلەمان لەكاتی خۆیدا دەكرێت، وتیشی: ئەگەر بەدەست من بوایە ٢٤ كاتژمێر دوای سوێند خواردنی پەرلەمانتاران كابینەی نۆیەم دەستبەكار دەبوو.

ئەو پەرلەمانتارەی پ.د.ک ڕاشیگەیاند: پەرلەمانتاران هیچ كات درێخیان نەكردووە لە فشارەكانیان بۆ سەر لایەنەسیاسیەكان  بە تایبەتیش لیستە براوەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم، فشارەكانیان زیاتر بووە بۆ ئەوەی لە كەمترین كاتدا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەكاربێت و خەڵك لە دڵە ڕاوكێ ڕزگاری بێت.

هەروەها، لوقمان وەرتی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی وتی: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پابەندە بەو ڕێکكەوتنەی لەنێوان (پ.د.ک) و (ی.ن.ک)دا هەیە لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ١٨ی ئەم مانگە.

 لوقمان وەرتی، وتیشی: بۆ خەڵك و لایەنە سیاسییەكانیش لە باشوری كوردستان دەركەوت، كە دەبێت ئێمە خۆمان خەمخۆری خۆمان بین و لەنێو خۆشمان دۆست بین، بۆیە ئێمە ڕوومان لە لەلایەنە سیاسییەكانە بە ئەركی خۆیان هەڵبستن بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆمان و میللەتەكەمان بین، كاتی ئەوەش هاتووە دەست لەسەر برینەكانمان دابنێین و بەرژەوەندییە حزبییەكانمان وەلا بنێین و بەشێوەی براوە و دۆڕاو بیر نەكەینەوە، چونكە بەیەكەوە هەموومان سەردەكەوین

١٣٥ڕۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمەوە پەرلەمان نەیتوانیوە دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت.

ش.ف