ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، قوتابیان بۆ داواکردنی دەرماڵە خۆپیشاندانیان کرد ئـێستا تۆمەتی ماددەی ھۆشبەریان دەخرێتەپاڵ.
ڕوپاک ئەحمەد، لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە “دوای ئـەوەی لە ھەفتەی ڕابردوو بە ھەزاران قوتابی ڕژانە سەر شەقام لە سەرجەم شارەکانی ھەرێم، بەڵام ھەر زوو و وەک پیشەی ھەمیشەیی ھەر دوو حیزبی دەسەڵات دەستیان کرد بە گرتن و دەستگیرکردنی قوتابیان لە جێگای بەدەمەوە چوونی داواکاریەکانیان”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کردووە “زیاتر لە 250 قوتابی ئـێستا لە زیندانەکانی ھەولێر و سلێمانی بوونیان ھەیە، بەپێی زانیاریەکانمان نیازیانە بەشێک لە قوتابیان تۆمەتی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەریان بخرێتە پاڵ”.
ئەو هۆشداری دەدات و دەڵێت: کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ قوتابیان مەترسیەکی گەورەیە کە لە ھەرێمی کوردستان لە ئـارادایە، سەلامەتی گیانی قوتابیان دەخەمە ئەستۆی ھێزەئەمنیەکان .
خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان هەفتەی ڕابردوو ماوەەی چوار ڕۆژ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان کە حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤وە بە هۆی قەیرانی داراییەوە بڕیویەتی، لە دواین لێدوانیشیدا سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند: چۆن دەبێت خوێندکار بە خۆڕای بخوێنێت و دەرماڵەی پێ بدرێت لە دونیادا شتی وا نییە.
دواین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاریدا بودجەیەک کە بڕەکەیان دیاری نەکردووە بۆ بەشەناوخۆییەکان و خوێندکاران دابین بکەن بەڵام هیچ باسێک لە دگەڕانەوەی دەرماڵەی خوێندکاران نەکرابوو، کە بە هوێرەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانتاران کۆی پارەی تەرخان کراو بۆ دەرماڵەی خوێندکاران ٧ ملیار دیناری پێویستە.