هەینی, 24 أبر 2020 – 14:50 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بە ناونیشانی “سازدانی پلاتفۆرمێكی ژنان بۆ چارەسەری كێشەكان ئەركی هەنووكەییمانە”، ئەمڕۆ ڕێكخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- رژاک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە و باس لەوە کراوە، کە دەوڵەتانی داگیرکەر دۆخی کەرەنتینەشیان وەک هەلێک بینیوە و هێرشە داگیرکارییەکانیان پەرەپێداوە، بۆ ئەوەش “هێرشی سەر كامپی مەخمور و هێزبردن بۆ’زینی وەرتێ’ و كارۆخ و دەوروبەری و رەواندوز و دیانە و چیای هەڵگوورد لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كە لەگەڵیاندا بەسەدان سەربازی تورك هەیە بەمەبەستی دەستپێكردنی شەرێكی دژوار و داگیركردنی هەموو باشووری كوردستانە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، بێدەنگبوونیش بەواتای ئەرێنی كردنی داگیركاریەكانە و ئەمەش سەرەتای زەنگێكی مەترسیدارە بۆهەمووکورد”.
ڕژاک باسی لەوەشکردووە، کە هەموو ئەو شەڕە ناخۆیانەی لە ڕابردووشدا ڕوویاندا و هیچی ئیرادەی لایەنێکی کوردی نەبووە، بەڵکو دەستێوەردانی وڵاتانی داگیرکەر هۆکار بووە، هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئیتر خەڵكی باشوری كوردستان شەڕی نێوان هێزە كوردییەكان پەسەند ناكات و ئەو ڕاستیانەش ڕوونە كە داگیركاری دەوڵەتی توركیا لەسەر باشوری كوردستان سەرچاوەی هەموو كێشەكانی نێوان ئێراق و هەرێمی كوردستانە”.
هەروەها هاتووە: لە ئێستادا لەژێر ناوی حوكمەت، بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و یەك ئیدارەیدا، بردنی هێزی پارتی بە بڕیارێكی ناوەندگەراییانە و سڕینەوەی تەواوی هێزەكانیترە لە ناو حكومەتدا و تاك لایەنە بڕیارگرتن و تێپەراندنی بەسەدان سەربازی تورك هیچ ناوێكی تری نیە، جگەلە پێشەنگایەتی كردن بۆ داگیركردنی باشوری كوردستان لەلایەن توركیاوە، بێگومان ئەمە زەنگێكی زۆر ترسناكە لەلایەك شەڕ و ململانێی ناوخۆی لەلایەك داگیركردنی تەواوی باشوری كوردستان، ئەم هەوڵانە دەبێـتەمایەی لەدەستدانی تەواوی دەسكەوتەكانمان و ئەوەی باجی هەمووشەڕەكان دەدات تەواوی كۆمەڵگا و بەپێوانی یەكەم ژنانە.
ڕژاک داوای لە هەموو ژنان لە ناو تەواوی ڕێكخراو و پارتی سیاسی و پەرلەمانتاران و ئەندامانی ژن لەناوحكومەتدا و تەواوی كەسایەتی رۆشنبیر و چالاكوانانی بواری مەدەنی و ژنان دەکات “پێویستە بە ئەركی سەرشانی خۆمان هەستین و كاربكەین بۆ ئەنجامدانی پلاتفۆرمێكی گشتی ژنان تابتوانین بە چالاكی دیموكراتیانەی ژنان ڕێگە بگرین لە شەڕی نێوان لایەنە كوردییەكان و ڕێگە بگرین لەو هەوڵانەی كە دەیانەوێت پشتگیری داگیركەرانی كوردستان بكەن، هەموومان تواناكارییەكانمان بكەین بەیەك و بەرەنگاری دوژمنان و هەموو جۆرە داگیركارییەك ببینەوە، بەم شێوەیەش دەتوانین ڕێگری لە هەموو توندوتیژی و دەستدرێژییەكانی سەر ژنان بگرین و ڕێگری لە گەندەڵی و هەژاری و نادادپەروەری بگرین، چونكە سەرچاوەی زۆرینەی زۆری كێشەكان باڵادەستی داگیركەرانە لەسەر باشوری كوردستان”.
س.ح