دووشەممە, 22 ماي 2017 – 08:36
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دادگای شۆڕشی شاری ورمێ سزای سێدارەی بەسەر زیندانییەکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستاندا سەپاند، کە لە سەر دۆزی پەکەکە دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی، تۆڕی مافی مرۆڤی کودستان، دادگای ڕژێمی ئێران لە شاری ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوێنێ سزای سێدارەی بەسەر کەمال حەسەن ڕەمەزان-دا سەپاند، لە کاتێکدا کە پێشتر سزای حەوت ساڵ زیندان بۆ ناوبراو یەکلایی بوبووەوە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، کە حەسەن لە دادگاکەدا ئامادە نەبووە و دەرفەتی هیچ شێوە بەرگرییەکی نەدراوەتێ.
کەمال حەسەن ڕەمەزان، هاوڵاتییەکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ دوو هاوڵاتی خەڵکی شاری ماکۆ لە دەوروبەری شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە.
پاشان لە ساڵی ٢٠١٥دا بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە ڕیزەکانی پەکەکە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئەم سزایە پاش داوای کەمال حەسەن ڕەمەزان برا بۆ دادگای پێداچوونەوە و لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکەی بە حەوت ساڵ زیندان کەم کرایەوە.
سزای سێدارە بەسەر کەمال حەسەن ڕەمەزاندا لە کاتێکدا سەپێندراوە، کە لە ڕووی یاساییەوە ناکرێت سزایەک کە یەکلایی بووبێتەوە قورس بکرێت، واتە پێشتر سزای حەوت ساڵ زیندان بەسەر ناوبراودا یەکلایی بووەتەوە، بەڵام ئەم سزایە قورس کراوە و گۆڕاوە بە سزای سێدارە.
ش.ف