ڕۆژئاوای کوردستان هاوکاریی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەکات

بە دروشمی "پێکەوە هاوکاریی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین" و بە ئامانجی هاوکاریی گەیاندن بە لێقەوماوانی لافاوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دێرک و حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆکردنەوەی هاوکارییەکان دەستیپێکردووە.


لە دوێنێیەوە بە دروشمی "پێکەوە هاوکاریی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین"، مانگی سوری کوردیی بە هاوکاریی ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە، کامپەینێکیان بۆ هاوکاریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لافاوەکەی ئەم دواییە زیانیان پێگەیشتووە دەستپێکرد و تا ٢٥ی نیسان بەردەوامە.

مانگی سوری کوردیی و ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە لەو بارەوە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێدا هاتووە: لە ئەنجامی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرێک گوند و خانوو ڕووخاون و هاوڵاتیان گیانیان لەدەستداوە و ئاوارە بوون، بە دروشمی "پێکەوە هاوکاریی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین"، مانگی سوری کورد بە هاوکاریی ئەنجومەنەکان، کۆنگرەی ستار، تەڤدەم، شارەوانی، پەیەدە و هەپەجە، لە ناوچەکە، لە ١٨ی نیسانەوە تا ٢٥ی نیسان، هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی لە شاری حەسەکە ئەنجام دەدات.

بە هەمان ئامانج، هەر دوێنێ، مانگی سوری کوردیی لە هەرێمی دێرک-یش کەمپەینێکی ئەنجامدا و تا هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

د.ع