ڕۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەکەن، تیرۆری سیاسیی لای پەدەکە مێژوویەکی کۆنی هەیە، لە دروستبوونەیەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامبووە لە تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکان، هەروەها داوا دەکەن کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە دەنگ، لە سەر کەیسی ئەو ٢٠ ڕۆژنامەنوسەی، لە کۆمەڵکوژیی هەولێر لەلایەن پەدەکەوە تیرۆرکران.
لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەولێردا، ڕۆژنامەنووسان هاوپیشەکانیان بەبیردەهێننەوە، کە بەدەستی پەدەکە تیرۆرکراون لەو کۆمەڵکوژییەدا و لەبارەی مێژووی تیرۆری سیاسیی لەلایەن پەدەکەوە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند دەڵێت:”پەدەکە لەدوای خیانەتی ٣١ی ئاب، دەستیکرد بە لەناوبردنی دەنگە ئازا و ئازادەکان، ٨٣ کوردی بەشەرەفی کۆمەڵکوژکرد لە ناویاندا ٢٠ ڕۆژنامەنووس هەبوون، لە کارگەی قیری هەولێر زیندە بە چاڵیکردن، بەشێکیان هەتا ئێستاش بێ سەروشوێنن، حزبی بەعس بە هەموو بێ ئەخلاقیەکانییەوە کەسێکی دەکوشت تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی دەکردەوە، بەڵام پەدەکە لە بێڕەوشتیدا بەعسی تێپەڕاندووە”.

ئاماژەی بەوەشدا، مێژووی تیرۆری پەدەکە زۆر کۆنە، مێژوویان پڕە لە تیرۆری دەنگە ئازادەکان، پەدەکە ئێستاش بەردەوامە لە تیرۆرکردن، بە فۆڕمێکی دیکە، وەکو ئەوەی ئێستا بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان دەکرێت.
هێمن مامەند بە پێویستی دەزانێت، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، لیژنەی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بێنە دەنگ لەسەر ئەو ٢٠ ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بە دەستانەی ڕۆژنامەی وڵات و مەد تیڤی، کە شەهید و تیرۆرکراون، لانی کەم تەرمەکانیان بە کەسوکارەکانیان بدرێتەوە.
مامەند لە کۆتاییدا وتی: دەبێت هەموو دەنگە ناڕازیی و ئازادەکان بەرامبەر خیانەتەکانی پەدەکە بووەستنەوە، هەتا ڕێگیریی لە هێڵی خیانەت نەکرێت، تیرۆری ڕۆژنامەنوسان بەردەوام دەبێت، دەبێت هەموومان یەکبگرین بۆ ئەوەی هێڵی خیانەت ڕابگرین، پێش ئەوەی دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوەستینەوە دەبێت دەستی خیانەت ببڕین.
هەر لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووس هاوژین غەریب دەڵێت: تیرۆری سیاسیی و بکەر نادیار لای پەدەکە ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە، لەسەرەتای دروستبوونی پەدەکەوە ئەم تیرۆرە هەبووە و بەردەوام درێژەی پێداوە تەنها فۆرمەکەی گۆڕاوە، بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس ڕەئوف ئاکرێی دەستیپێکرد و دواتر بە کۆمەڵکوژی هەولێر لە ساڵی ١٩٩٧ و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەردەوامبوو، دواجار لە کەیسی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان گۆڕا بۆ تیرۆری کەسایەتی، ئامانج لێی مانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی حزبێکە، کە هی بنەماڵەیەکە .

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە سیاسەتێکە تا دوا سنوور نائەخلاقییە و قێزەونە، کە هیچ هێزێک ئەگەر یەک تۆسقاڵ بڕوای بە ئازادیی و دیموکراسی هەبێت پشتی پێنابەستێت، بەڵام لە بۆشایی فکر و پرۆژەی سیاسی حکوم بە هێز و سەرکوتکردن دەکەن، پەدەکە ناتوانێت ڕووبەڕووی قەڵەمی گەنجێک ببێتەوە پەنا دەباتە بەر تیرۆر، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پەدەکە کۆتاییپێهاتووە تەنها بە هێزی سەرکوتکاریی لەسەرپێیە.
٢٥ساڵ لەمەوبەر ساڵی ١٩٩٧ چەکدارانی پەدەکە و جەندرمەی دەوڵەتی تورک، لە کۆمەڵکوژیی هەولێردا ٢٠ ڕۆژنامەنوسیان تیرۆرکرد کە لە ڕۆژنامەکانی ڕۆژ، وڵاتی ڕۆژ و تەلەفزیۆنی مەد تیڤیی کاریان دەکرد، هەتا ئێستاش چارەنووسی هیچ یەکێکیان ئاشکرا نەکراوە و تەرمەکانیان دیار نییە.
ش.ف