ڕۆژنامەنوسان ڕەخنە لە بێدەنگی میدیاکان دەگرن بەرامبەر داگیرکارییەکان

ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان ڕەخنە لە میدییا کوردییەکان دەگرن بەهۆی بێدەنگیان بەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان و بە ڕۆژەڤ نەکردنی پرسە نەتەوەییەکان، دەشلێن: میدیا لە کوردستاندا حزب ئاراستەی دەکات و حزبەکانیش سەر بە وڵاتانی دراوسێن، ئەمەش ئازادی مدیایی بەرتەسککردووە و پرسە نەتەوەییەکان بە ڕۆژەڤ ناکرێن.


تا دێت هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان فراوانتر دەبێت و ڕۆژانە گوند و شارۆچکەی زیاتری باشوری کوردستان بۆمباران دەکرێت و مەترسی گەورە لەسەر باشوری کوردستان هەیە، بەڵام  تا ئێستاش میدییا کوردییەکان لە باشوری کوردستان ئەم داگیرکاریانەیان نەکردووە بە ڕۆژەڤ و گرنگی پێنادەن، ئەمەش بووەتە جێگای ڕەخنەی ڕۆژنامەنوسان، لەوچوارچێوەیەدا ڕۆژنامەنووسانی لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئەیاد محەمەد وتی: میدیا لە هەر وڵاتێکدا ڕۆڵێکی کاریگەر و باڵای هەیە لە خستنەڕووی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی کە دێنە ئاراوە، بۆیە میدیا و میدیاکار پێویستە کە ئەو ڕووداوانەی کە لە نێوخۆی وڵات یان لە نێوان وڵاتان ڕوودەدات بگوازنەوە بۆ هاونیشتمانیان، بەڵام لە کوردستاندا هیج جێگای سەرسوڕمان نییە کە میدیا و میدیاکاران، ئەو داگیرکارییانەی سەر کوردستان و ئەو ڕووداو و پرسانەی کە گرێدراوی نەتەوە و نیشتمانەکەمانن نایگوازنەوە بۆ کۆمەڵگا و نایکەن بە ڕۆژەڤ.

ئەیاد پێی وابوو، کە میدیاکان دابەشبوون بەسەر حزبەکاندا و تەنها لە چوارچێوەی سیاسەتی حزبەکەیان کاردەکەن، ئەو حزبەش بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی میدیاکە ئاراستە دەکات و ئەمەش ئازادی میدیای بەرتەسک و سنووردار کردووە، حزبەکانیش دابەشبوون بەسەر وڵاتانی دراوسێدا.

ئەیاد محەمەد لاوازیی هاوڵاتیانیشی لە نەبوونی هەڵوێست دژی داگیرکاریی گەڕاندەوە بۆ میدیا و وتیشی: میدیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە جوڵاندنی هەستی خەڵک و هەڵوێستدان بەخەڵک و ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان،  بەڵام لە ئێستادا وڵاتی ئێمە لەژێر هێرشی داگیرکەراندایە کەچی میدیاکان لێی بێدەنگن.

هەروەها شەرمین عەلی ڕەخنەی لە پەرتەوازەیی ناوخۆ گرت و، وتی: ئێمە وەک گەلی کورد دووچاری دابەشکارییەکی خراپبووین لە نێوخۆی وڵاتدا، بەتایبەتیش لە باشوری کوردستان، هەر بەشێکی دابەش بووە بەسەر حزبێکدا، ئەمەش وایکردووە وەکو گەل هەڵوێست و مەبدەئێکی نەتەوەیی گشتگیرمان نەبێت، بێگومان زۆربەی میدیاکانیشمان حزبین و جێبەجێکاری سیاسەتی حزبن، ناتوانن لەو خەت و ئامانجە لابدەن کە حزبەکانیان کاری لەسەردەکەن، حزبەکانی باشوری کوردستانیش هەڵگری ئامانج و مەبدەئێکی نەتەوەیی نین.

شەرمین دەڵێت "میدیاکار و ڕۆژنامەنوسان لەلای بەشێکی زۆریان پرسەنەتەوەییەکان گرنگن، بەڵام دواجار ئەو دەزگایەی کە لە چواچێوەیدا کاردەکات ڕێگانادات ئەم پرسانە بکات بە ڕۆژەڤ، بۆیە میدیاکانمان ناتوانن بەشێوەیەکی گشتی کار لەسەر پرسە گشتییەکان و نەتەوەییەکان بکەن، چوونکە دواجار ئەوە حزبە بڕیاردەدات چی لە میدیاکەی پەخشبکرێت".

شەرمین عەلی ڕەخنەی لە ئەدای میدیاکانی باشوری کوردستان گرت و وتی: میدیا لە باشوری کوردستان ئاستی لۆکاڵی تێنەپەراندووە و نەیتوانیوە بە شێوازێکی پرۆفیشناڵانە و بە ئینتمایەکی نەتەوەییەوە دەست ببات بۆ پرسە نەتەوەییەکانی پارچەکانیتری کوردستان، بۆ نمونە، دەوڵەتی تورکیا بەبەردەوامی بۆردومان و هێرش و داگیرکاری بۆسەر کوردستان دەکات، یاخود ئەو هەڵویستانەی بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان هەبوون، میدیاکان نەیانتوانی بە گوێرەی قەبارەی خۆی بیکەن بە ڕۆژەڤ.

س.ح