ڕۆژنامەنووسانی هەولێر: دەوڵەتی تورک بڕوای بە دیموکراسی نیە

ڕۆژنامەنووسانی شاری هەولێر مانگرتنی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان بەرزدەنرخێنن و ڕایدەگەیەنن، دەوڵەتی تورک بڕوای بە دیموکراسی نیە، بۆیە دەبێت فشارەکان چڕتر بکرێنەوە دژی کارەکانی ئەو دەوڵەتە. 


مانگرتنی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان دژی گۆشگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بەردەوامە، ڕۆژنامەنووسانی شاری هەولێریش پشتگیریی لە داواکاریی مانگرتوان دەکەن.

سەرباز محەمەد، ڕۆژنامەنووس، پێی وایە پێویستە نەک تەنها نوێنەرایەتی هەدەپە، بەڵکو پێویستە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەر چوار پارچەکە فشارەکان بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا تاقی بکەنەوە و بەردەوام بن و بە جۆری جیاواز کاربکەن، تا فشاری سەر سیاسەتمەدارانی باکوری کوردستان کەمبکرێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەو مانگرتنانەی کادیرانی هەدەپە کاریگەری دەبێت، "هەروەها پێویستە چالاکی دیکەش جگە لە مانگرتن ئەنجام بدرێت، دەبێت فشاری دیکەی جۆراوجۆر تاقی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕەشبگیرییەی لە باکور هەیە، کۆتایی بێت".

هەروەها هەژار ئەنوەر، ڕۆژنامەنووس، پێی وایە ئەو مانگرتنانەی ئەندامانی هەدەپە ئەنجامی دەدەن، نیشانەی ئەوەیە کە دەیانەوێت بە هەموو دونیا بڵێن گەلی کورد ئامانجیەتی مافەکانی بە ڕێگای مەدەنیانە و ئاشتیانە بەدەستبهێنن، وتیشی: "دەبوو تاوەکو ئێستا هەر چوار پارچەی کوردستان بە تایبەتی حزب و لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان، مانگرتنی سەرتاسەریان ڕابگەیەندایە، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ هێرش و پەلامارەکان لە باکور لەسەر گەلی کورد و ڕێبەرەکەی بێت، بەیانی لەسەر سەرکردە و گەلی باشور دەبێت".

ئەو ڕۆژنامەنووسە بە پێویستیشی دەزانێت، لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی تەواوی کونسڵخانە و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بکەن بۆ ئەوەی هێرش و پەلامارەکانی تورکیان ئیدانە بکەن، تا ئەو دەوڵەتە نەتوانێت جارێکی دیکە کاری لەو شێوەیە ئەنجام بدات.

ک.ک