ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان داوای ئازادکردنی زوبێر برادۆستی دەکەن

ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان، ڕەخنەی دادگاکان دەگرن لەوەی کار بە یاسای ڕۆژنامەنووسی ناکەن و پێیان وایە بڕیاری دادگاکان لەدەستی حزب و بەرپرساندایە و یاسا سەروەریی نەماوە و داوای ئازادکردنی زوبێر برادۆستی دەکەن.


لە ڕۆژی  ٢١-٧-٢٠١٩ـەوە، زوبێر برادۆستی پەیامنێری ئاژانسەکەمان "ڕۆژنیوز"، لەلایەن هێزێکی پارتییەوە لە دەڤەری برادۆست دەستگیرکراوە و تا ئێستا لە زینداندایە، هەروەها لە ئەمساڵدا دەیان ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستاندا دەستگیرکراون و بە یاسای ڕۆژنامەنووسی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە، ئەمەش ناڕەزایەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەم بارەیەوە، ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئازاد عوسمان، بەڕێوبەری ڕادیۆی دەنگ لە گەرمیان، کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆی یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەنووسانەی لەسەر سکاڵایەک بەیاسایەکی جیاواز لە یاسای ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکرا، لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانەوە وتی: بەداخەوە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، شەپۆلێکی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەستیپێکردووە، لە تێکڕای ئەو دۆسییانەدا کار بە یاسای ڕۆژنامەنووسی نەکراوە، ئەمەش پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی ڕۆژنامەنووسانە، ئێمە یاسایەکی تایبەتمان هەیە، کە کارەکانمان ڕێکدەخات، پێویستە هەر سەرپێچییەک ڕوودەدا بەو یاسایە یەکلایی بکرێتەوە، نەک پەنا ببرێتە بەر هەندێک بەهانەی نابەجێی یاسایی لەلایەن دادوەرەکانەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەدەستی خۆیان فەزای دادوەری ناشرین بکەن و دەسەڵاتی دادوەری لەرزۆک بکەن.

ئازاد عوسمان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی جدیی بکات، بۆ کێشەکانی دادگا، چونکە پێی وابوو، کە دەسەڵاتی دادوەری پڕە لە مەزاجی شەخسی، پێوستە سنوورێکی بۆ دابندرێت، لەبارەی کەیسی زوبێر برادۆستیش وتی: کەیسی زوبێر و کەیسەکانی دیکەی ڕۆژنامەنووسان، ئەوە دەگەیەنێت، کە دەسەڵات کاری ڕۆژنامەوانی بە تاوان دەزانێنت، دەستتێوەردانی حزبیی و بەرپرسەکان گەشتۆتە ئاستێک، کە ئەوان بڕیاڕدەدەن تۆ کێیت و چۆن مامەڵەت لەگەڵ بکرێت، ئەمەش پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ، پێش ئەوەی پێشێلکاریی بێت بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان.

ئاراز محمد، یەکێکی دیکە لە ڕۆژنامەنووسانی گەرماین، لەسەر هەمان بابەت وتی: دەسەڵاتی کوردی ئەزموونێکی درێژی هەیە لە ڕاوەدوونانی ئازادیخوازان و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان، بەداخەوە گەیشتۆتە ئاستی تیرۆرکردنیان، بەتایبەت لەم دوومانگەی ڕابردوودا، هەڵمەتێکی بەرفراوان دەستیپێکردووە لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا، بەداخەوە پرشکی ئەم ئاگرەش بەر ئەو دەزگایانە کەوتووە، کە سەر بە دەسەڵات نین و دەیانەوێت سەرکوت و بێدەنگیان بکەن.

ناوبراو ئاماژەی بە دەستگیرکردنی زوبێر برادۆستی کرد و وتی: لەواماوەی ڕابردوودا دەیان ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون، هەروەها پەیامنێرێکی ڕۆژنیوز لە برا دۆست نزیکەی دوومانگ زیاترە دەستبەسەر کراوە، نە دادگا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکات، نە گۆڕانکارییەک لە کەیسەکەیدا ڕوویداوە، ئەمەش گومانێکی گەورە لەسەر سیستمی دادگا لە هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات، وامان لێ دەکات وەکو ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان باوەڕمان بەو دادگایانە نەبێت کە بۆ پاراستنی ئێمە داندراوە، بەڵکو هەست بەوەبکەین دادگا بۆ پاراستنی سەرو ماڵی دەسەڵاتی سیاسی کاردەکات.

ئاراز ئاماژەی بەوەشدا، کە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس زوبێر برادۆستی کارێکی نەشیاوە، وتی: هیوادارین دەسەڵاتی کوردی پێمان بڵێت یاسا سەروەرەیی هەیە لەم هەرێمەدا و ئازادی بکات، بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو ڕۆژنامەنووس دڵمان بەوەخۆشبێت کە هەرێمەکەمان یاسایەکی تێدایە بە ناوی یاسای ڕۆژنامەگەریی.

ئەحمد حمید، لەسەر هەمان بابەت وتی: لەماوەی پێشودا لە گەرمیاندا و بەگشتی لە هەرێمی کوردستان، هەوڵێک هەیە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا، تەنها لەماوەی یەک مانگدا نزیکی ۱۰ ڕۆژنامەنووس دەسگیرکراون، کێشەی سەرەکیش کارنەکردنە بە یاسای ڕۆژنامەگەریی، کە یەکێکە لە گرفتە گەورەکان بۆ ئەوەی بە یاسای دیکە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بکرێت، ئەو سکاڵایانەی دەچێتە بەردەم دادگا، بەبڕیاڕی حزبەکان یەکلایی دەکرێنەوە.

ناوبراو ئامەژەی بە دەستگیرکردنی زوبێر برادۆستی کرد و وتی: دەستگیرکردنی زوبێر برادۆستی لە مانگی حەوتەوە لەسەر ڕووماڵکردنەکانی، پێچەوانەی ئەو یاسایانەیە بۆ ڕۆژنامەنووسان دانراوە لە هەرێمی کوردستاندا،هەر هەڵەیەک لە کارێکی ڕۆژنامەنووسدا هەبێت دەکرێت لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەنووسیدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەک ڕاگرتنی له زیندان.

د.ع