ڕۆژنامەنووسان: پێویستە گەل بەگژ ئەجێندای داگیرکەراندا بچێتەوە

ڕۆژنامەنووسێک پێیوایە، کە ئەجێندای وڵاتانی داگیرکەر لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بە پێویستیشی دەزانێت، کە گەلی باشوری کوردستان بەگژ "ئەجێندای داگیرکەراندا" بچێتەوە، ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش، لە ڕوانگەی ئەو قۆناغەی کە ئێستا کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی بە گرنگ دەزانێت.


لە ماوەی ڕابردووا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی داخران و ڕێگریی لە چالاکیش دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان کرا و نزیکەی ۱۰۰ کەس دەستگیرکران، لە دوایین پێشهاتیشدا بۆ ڕێگریکردن لە نمایشی فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی ساکینە جانسز، ئاسایشی سلێمانی بۆ ماوەی ۲٤ کاتژمێر سینەما سالمی داخست، ئەمەش ناڕەزایەتیی چین و توێژەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دوان.

سەربەست نەریمان، سەرنووسەری بەشی هەواڵ-ی تەلەفزیۆنی پەیام، داخستنی بارەگای "پارت و ڕێکخستنێکی سیاسی ڕەسەن و خاوەن پرەنسیپی وەک تەڤگەری ئازادیی" بە "هێمای باڵادەستیی خواستی داگیرکەرانی کوردستان بەسەر ستراتیژیی نەتەوەیی کورد" دادەنێت و دەڵێت: بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم جارێک بە داخستنی دەروازەی سنوری لە ڕۆژئاوای کوردستان و جارێک بە داخستنی شۆڕشگێڕەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و جارێک بە داخستنی بنکە و بارەگای تەڤگەر و قەدەغەکردنی پەرتوک و فیلمی سینەمایی لەسەر ژیان و خەباتی خەباتکاران، هێڵی ڕازیکردنی داگیرکەران تۆختر دەکەنەوە و یەکێتی نەتەوەیی ژێر پێ دەخەن.

سەربەست، هێما بۆ ئەوەش دەکات، کە ئەو جۆرە هەڵسوکەوت و ڕێوشوێنانە گوزارشت لە هەڵوێستی گەلی باشوری کوردستان ناکات، "بەڵکو وێنەیەک لە ویستی کەمینەیەکی دەسەڵاتخوازی نێو هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشور پیشاندەدات، کە دژ و ناتەبایە لەگەڵ خەبات و بەرخودانی نزیک بە چل ملیۆن کورد بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی".

سەربەست نەریمان، بەپێویستیشی دەزانێت، کە بازنەی نارەزایەتییە مەدەنییەکان دژی ئەجێندای داگیرکەران لە باشور فراوان بکرێت و "گەل بەگژ ئەجێندای داگیرکەراندا بچێتەوە".

هەروەها، سازان توفیق، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: ئەوەی لە هەرێم کوردستان ڕوویدا زۆر نەخوازراو بوو، داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی زۆر جیاوازە لەو کلتورەی، کە لە سلێمانی باوە.

سازان، دەربارەی ڕێگریکردن لە نمایشکردنی فیلمی ساکینە جانسز و داخستنی سینەما سالم، دەڵێت: ڕێگریکردن لە پەخشکردنی فیمی ساکینە جانسز، لە کاتێکدا کە سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە، گۆڕینی ناسناوی سلێمانییە لە شاری ڕۆشنبیرییەوە بۆ شاری سەرکوتکردن.

ئەو ڕۆژنامەنووسە، پێکنەهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی بە هۆکاری پارچە پارچەبوونی کورد و نەبوونی یەکگرتوویی دەزانێت و دەڵێت: لە ماوەی ڕابردووشدا بینیومانە هێزە کوردییەکان شەڕیان بەرامبەر یەکتری کردووە، کە ئەمەش دیسان دژی یەکبوونی نەتەوەییە، قۆناغەکە وا ئەخوازێت کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێویستی بە یەکبوونی نەتەوەییە و ئەرکی کەنەکەیە کە هەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە.


ک.ک