ڕۆژنامەنووسێکی دیکە دەستبەسەر کرا

ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بە فەرمانی دادوەری گەرمیان دەستبەسەر کرا و ئەو دەزگایەشی، کە کاری تێدا دەکات فەرمانەکەی دادوەر بە تۆڵەکردنەوە ناودەبات و دەڵێت:"لە تۆڵە بێدەنگ نابین".


لەکاتێکدا، کە نزیکەی کاتژمێرێکە ڕۆژنامەنووس ئامانج ئەحمەد لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە سەربەستکراوە، هەر بەیانی ئەمڕۆ بەبڕیاری دادگای کەلار ڕۆژنامەنووس ئازاد عوسمان، بەڕێوبەری ڕادیۆی دەنگ لە شارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەستبەسەر کرا.

ڕادیۆکە ڕاگەیەندراوێکی بۆ رای گشتی و رێکخراو و سەرجەم میدیاکارانی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ڕوونیکردووەتەوە:"لەسەر شکاتێکی کۆن کە پێشتر بە کەفالەت ئازاد کرابوو، ئەمڕۆ دادگای کەلار کەفالەتەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە تەوقیفکردنی ئازاد عوسمان بەرێوەبەری رادیۆی دەنگ تا رۆژی دووشەمە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەستگیرکردنی رۆژنامەوان ئازاد عوسمان لەسەر دۆسیەیەکی بچوک، لەکاتێکدایە تا ئێستا یەک دزی گەورە، یەک تاوانباری گەورە و سەرە مافیا، نەگیراوە، گومانەکانی ئێمە ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە، بۆ محکەمەکردنی  ئەو خەڵکانە دانرابن، کە هاوشێوەی داواکاری گشتی، شەڕی مافی گشتی دەکەن.

لە کۆتاییشدا هاتووە:"ئێمە ئەمە بە تۆڵەکردنەوە لێک دەدەینەوە و لە تۆڵەش بێدەنگ نابین".

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ٢١ی مانگی ٧ی ئەمساڵەوە، زوبێر برادۆستی پەیامنێری ئاژانسەکەمان "ڕۆژنیوز"، لەلایەن هێزێکی پارتییەوە لە دەڤەری برادۆست دەستگیرکراوە و تا ئێستا لە زینداندایە.

ش.ف