پێنجشەممە, 5 أبر 2018 – 10:15
ڕۆژنیوز – زوبێر برادۆست
هاوڵاتیانی گوندی بەرمیزەی دەڤەری سۆران، کە لەلایەن سوپای تورکەوە داگیرکراوە، ڕۆژ بەڕۆژ مەترسیی زیاتر لەسەر ژیانیان دروست دەبێت و لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا تەنیا یەک جار و لەژێر چاودێریی فڕۆکەکانی تورکدا رێگایان پێدراوە بچنە سەر شاخ.
گوندی بنەوانوک و بەرمیزە-ی سەر بە شارەدێی سیدەکان لە دەڤەری سۆران-ی پارێزگای هەولێر، دوای داگیرکردنیان لەلایەن سوپای تورکەوە لە ڕۆژی ٢٢ی ئازارەوە چوون بۆ ناو ئەو گوندە قەدەغە کراوە و تەنیا هاوڵاتیانی ناو گوندەکە و لەژێر چاودێرییەکی توند-دا دەتوانن هاتووچۆ بکەن.
وەک تیمی ڕۆژنیوز دوای شکستهێنانی سێ هەوڵ بۆ چوونە ناو گوندی بەرمیزە، لە جاری چوارەمدا و بە رێگایەکی دژوار توانیمان بچینە ناو گوندەکە و لە نزیکەوە ژیانی گوندنشینان و بنکە سەربازییەکانی سوپای تورک و سەربازانی سوپای تورک و سوپای بارزان-مان بینیی.
ژیان لە بەرمیزە زۆر زەحمەتترە لەوەی لە دەرەوە دەبیسترێت، ئێستا گوندنشینان دەنگیان بەرزناکانەوە لەکاتی قسەکردن-دا و وەک خۆیان دەڵێن”دار و دیوار گوێی هەیە”، مەبەست لەم وتەیە، ئەوەیە، کە نەک ترس لە سەربازەکان تەنانەت لەناو خەڵکە مەدەنییەکەشدا خەڵکانێک دروستکراون بۆ کاری سیخوڕیی و گەیاندنی زانیاریی بە سوپای بارزان و سوپای تورک، ئینجا لەژێر هەڕەشەدا بێت یان-یش ڕازییکردنیان بە پارە.
هەروەها، بەهەموو شێوەیەک لێدواندان بۆ ڕاگەیەناندنەکان، جگە لە چەند ڕاگەیاندنێکی دیارییکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق قەدەغەیە.
بە زەحمەتییەکی زۆر توانیمان چەند هاوڵاتییەک بێنینە ئاخاوتن و وتیان: ژیانمان زۆر سەختە، لەژێر هەڕەشە و گوشارێکی زۆرداین، تەنانەت ڕێگامان نادەن بچینە بۆ هێنانەوەی گیا بەهارییەکان، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا تەنیا یەک جار، ئەویش لەژێر چاودێریی سەربازەکان و فڕۆکە سیخوڕییەکاندا ڕێگایان پێداوین بۆ ماوەی چوار کاتژمێر هەڵگەڕێین بەسەر شاخدا.
سەربازەکانی سوپای تورک بارەگاکانی لە نزیک ماڵەکان دروستکردووە و بە شۆفڵ و حەفارە سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگای نوێ و بارەگای نوێ-ن بە ئاڕاستەی گوندەکانی ئشمێ و سەرچەمانێ.
هاوڵاتیانی گوندەکە زۆر لە ئاوارەبوون دەترسن، ژیان-یشیان بەجۆرێک زەحمەت بووە، کە تا ئێستا ١١ خێزان-یان ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و لە شارۆچکەی سۆران نیشتەجێ بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، پێشمەرگەکانی سوپای بارزان، کە لەژێر فەرمانداریی (شێخ بەهزاد)، برازای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-یە، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.
ئەمانەی خوارەوە چەند وێنەیەکی ناو گوندی بەرمیزەیە،
ش.ف