ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا دژی داگیرکەر بەرخۆدان دەکات

لە ئێوارەی دوێنێیوە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکردووە، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر چەندین هێرش کراوە و لەلایەن شەڕڤانانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە، کاردانەوەکانیش بەردەوامن.


ماوەی چەندین مانگە ئامادەکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی خۆی و چەتەکانی لەسەر سنوور کۆکردووەتەوە و لەئێوارەی دوێنێوە دەستی بە هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەیی کرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

پێش دەستپێکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک زۆربەی وڵاتانی جیهان لەوانە ٢٨ ولاتی ئەوروپا، وڵاتانی عەرەب و هەروەها وڵاتانی ناوچەکە، هۆشدارییان دایە تورکیا و داوایان کرد، کە ئەو بڕیارە ڕاگرێت، هەروەها لە ناوخۆی ئەمریکاش بەرامبەر بڕیارەکەی ترامپ بۆ کشانەوەری هێزەکانی کاردانەوەیەکی زۆر پیشاندرا و سیناتۆرەکان ئەو کارەی ترامپیان وەک خیانەت و پشتتێکردنی هاوپەیمانانی کورد بەناو کرا.

لە ناوخۆی کوردستانیش زۆربەی پارت و لایەنە کوردستانییەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە بەیاننامە و ڕاگەیەندراو هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد و داوای یەکهەڵوێستییان کرد، هەروەها نووسەران، ڕۆشنبیران، هۆنەرمەندان و کەسایەتیەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان پشتیوانی خۆیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان بە توندی شەرمەزار کرد.

هێرش دەستیپێکرد

پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هیزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، لە گەڕەکی باسل-ی شاری ڕەقە و شەڕ لەنێوان هەردوولادا هاتە ئاراوە، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، سوپا (ئەرتەش)ی ئێران، بە ئامادەبوونی فەرماندەی باڵای سوپای ئێران، مانۆڕێکی سەربازیی لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاری ئورمیە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیك باکوری کوردستان دەستپێکرد.

ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک گوندەکانی نێوان گرێسپی و سەرێکانی-یان بۆردوومانکرد، هەر کەمێک دوای ئەوە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک شارۆچکەی عەین عیسا، گوندەکانی ئێن ئەروس ، تل فەندەر و سوێلا-ی سەربە سەرێکانی-یان سێ جار بۆردوومانکرد، دوای ئەوەش گوندی سەفیه لەڕۆژئاوای سەرێکانی و گوندەکانی دەوروبەری ناوچەی دێرک و گوندی سێگرکا لەدەوروبەری شاری قامیشلۆ بۆردوومان کران.

شەوی ڕابردووش، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، قامیشلۆ، گرێسپی، کۆبانێ و سەرێکانیی تۆپبارانکرد، کە لەو هێرشانەدا لە سەرێکانیدوو کەس شەهیدبوون لە قامیشلۆشپێنج کەس برینداربوون.

قەسەدە بەرپەرچی هێرشەکان دەداتەوە

لە گوندەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ، شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چوارچێوەی خۆپاراستنی ڕەوادا پاراستنی گەل لە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، وەڵامی هێرشی تۆپ و سوپای داگیرکەری تورکیان دایەوە، هەروەها هاوڵاتیانی ناوچەی گرێسپی لەبەرامبەر هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، لە چوارچێوەی مافی بەرگریی ڕەوادا چەکیان هەڵگرت و لەناو کۆڵانەکاندا دەستیان بە بەرخۆدان کرد، بە هەمان شێوە لە شاری گرێسپی-یش، کە بووەتە ئامانجی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، هاوڵاتیان چەکیان هەڵگرتووە و لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیی-دا ئامادەی بەرخۆدانن.

ئێوارەی دوێنێ لەسەر سنووری دێرکی حەمکۆی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان، لەکاتی وەڵامدانەوەی هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکدا، شەڕڤانانی قەسەدە تانکێکی ئەو سوپا داگیرکەرەیان تێکشکاند.

هەر دوێنێ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە،ڕایگەیاند: لە ناوچە سنورییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئەنجامی تۆپبارانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، سێ شەڕڤانی ئێمە و پێنج هاوڵاتی مەدەنیی شەهیدبوون و بە دەیان هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، دوای ئەو ڕاگەیەندراوە، دوو هاوسەر لە گوندی مکالەتای ناوچەی گرێسپی شەهیدبوون و منداڵەکەشیان برینداربوو.

لە بەرامبەردا بەپێی ئەو هەواڵانەی دوێنێ بڵاوبوونەتەوە دوو سەربازی تورک تا ئێستا کوژراون و دووی دیکەش بریندار بوون.

لە ئێستاشدا بەگوێرەی ئاژانسی هاوار، سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر جارێکی دیکە دەستی کردووەتەوە بە تۆپبارانکردنی ناوچەی سەرێکانی کانتۆنی حەسەکە لە هەرێمی جزیرە، سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ ئەوەی لەڕێگای زەمینییەوە بچنە ناوچەکە، لەبەرامبەر گوندی تل حەلەف لەڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سەرێکانی، ئەودیوارانە هەڵدەگرن، کە پێشتر خۆیان لەو سنوورە دایاننابوو.

بەپێی دوایی هەواڵ، هێزەکانی سوریای دیموکراتی- قەسەدە، لە سەرێکانی وەڵامی هێرشی سوپای تورک دەدەنەوە کە لەژێر پشتیوانی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکان چوونەتە ناو مەزرای مچێ.

ش.ف