ڕۆژی ١٨ی مانگ یادی وەدات حسێن دەکرێتەوە

لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزەوە ڕۆژی ١٨ی مانگ یادی وەدات حسین لەشاری سلێمانی دەکرێتەوە، ئەمڕۆش لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و هاوڕێیانی وەدات حسێن، لە شاری دهۆک یادی دەکرێتەوە.


ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن-دا تێدەپەڕێت.

بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو تێکۆشانەی کە وەدات حسێن بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی داویەتی و ئیدانەکردنی تیرۆری وەدات حسێن، کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی شاری دهۆک، بەڕێپێوانێک لە گۆڕستانی شاخکێ وە بۆ سەر گۆڕی شەهیدی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، یادی سێهەمین ساڵەی تیرۆری وەدات حسێن دەکەنەوە، هەروەها لە سەر گۆڕەکەی بەیاننامەیەک دەخویننەوە و دواین زانیاریی لەسەر کەیسەکەی ڕادەگەیەنن.

لەشاری سلێمانیش ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە یادی سێهەمین ساڵەت تیرۆری وەدات حسێن دەکاتەوە، هاوکات دوو خەڵات بەناونیشانی ”خەڵاتی وەدات بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی” پێشكەشی ڕۆژنامەنووسان دەكات.

ڕێکخەرانی مەراسیمی یادکردنەوەی وەدات حسێن، لە شاری دهۆک و سلێمانی، داوا لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و کەسانی ئازادیی خواز و هاوڵاتیان دەکەن، لەپێناو پاراستنی دەنگی ئازاد و دەستگیرکردنی بکەرانی تیرۆریی ڕۆژنامەنووسان بەشداری فراوان لە یادی وەدات حسێن-دا بکەن.

ڕۆژی ١٣-٨-٢٠١٦، لەشاری دهۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، لە شاری دهۆک، ڕفێندرا و بەشێوەیەکی دڕندانەو بە ئەشکەنجە تیرۆر کرا و تەرمەکەی لە قەراغ شەقامێک لەشاری دهۆک بەجێ هێڵدرا، هەتا ئێستاش هیچ کەس لەسەر تیرۆرکردنەکەی دەستگیر نەکراوە و هیچ بەرەوپێشچونێک لە کەیسەکەیدا بەدی نەهاتووە.

د.ع