ڕێوار ئاودانان: وریای تەڵەی کورد بن

ڕێوار ئاودانان دەڵێت، کە تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێران شوناس، مافەکان، ئازادی و خۆبەڕێوبەریی گەلی کورد و گەلە ستەملێکراوەکانی دیکە بە ڕەوا نەزانێت، هەروا دەسەڵاتدارییەکی دیکتاتۆر دەمێنێتەوە، هەروەها هۆشداری دەدات، لە تەڵەی کوشندەی کورد، کە لەلایەن سەرمایەداریی جیهانییەوە دانراوە.


ڕێوار ئاودانان، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە لە وتارێکدا بەناونیشانی وریای تەڵەی کوشندەی کورد بن" دۆخ و ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نرخاندووە، ڕۆژنیوز کورتەیەکی ئەو وتارە بڵاودەکاتەوە.

"کۆماری ئیسلامی ئێران لەناو سەرهەڵدانی شەڕە ناوخۆییەکانی لایەنەکانی حکومەت، ناڕەزاییە چڕوپڕەکانی خەڵک، گەمارۆ ئابورییە کەمەرشکێنەکان و فشارە دەرەکییەکان تەنگەتاو بووە، پاش تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ هێشتا بە بیستنی ناوی گۆڕانکاری دەپەشۆکێت و بە پێداگرییەکی منداڵانە نایەوێت گوێبیستی دەنگی مافخوازانەی خەڵک و نەخشەڕێگا چارەسەرییەکان بێت، بۆیە پەنا دەبات بۆ "قەیران دروستکردن لە دەرەوەی وڵاوت و نمایشی بۆکسی ئاسنینی لە ناوخۆ"، ڕێکارێک کە هەرگیز ئەنجامی نابێت.

دانیشتنە سێقۆڵییەکەی تاران لەبارەی ئیدلبەوە هیچ هیوابەخش نییە بۆ داهاتووی سوریا، بەڵکو بە هاندانی ڕۆحییەتی دژەکوردبوون پاڵ بە ئێرانیشەوە دەنێت بەرەو هەڵدێری کەوتنەخوارەوە، لەسێدارەدانی گەنجانی کورد و هێرش بۆسەر تێکۆشەرانی کۆدار و پژاک و موشەکبارانی کامپەکانی حدک و حدکا هیچ دەستکەوتێکی بۆ ڕژێمی ئێران نابێت، جگە لەوەی ئاگری دوژمنایەتییەکان خۆش دەکات، پرسی کورد ڕاستییەکی ئەوەندە زەقە، کە حکومەتی ئێران هەرچەندیش خۆی بخەڵەتێنێت یان هەوڵ بدات بۆ سەرکوتکردنی، دیسانەوە بەرۆکی پێ دەگرێتەوە، کۆماری ئیسلامی وادەزانێت لە بەرامبەر بەرەی ئەمریکا-سعودی-ئیسرائیل و ئیمتیازدان بە ڕوسیا-چین و باوەشکردنەوە بۆ تورکیا دەتوانێت دەرفەتێک بۆخۆی بخولقێنێت، بەڵام هاوپەیمانییەک کە لەسەر بنەمای دژایەتی کورد پێکهاتبێت، دەرئەنجامەکە ڕۆچوون لەناو زەلکاوی شکست دەبێت.

کۆماری ئیسلامی ئەگەر دەیەوێت پەیامی هەڕەشەئامێز بداتە بەرەی ئەمریکا و سعودی و ئیسرائیل باشترە ڕاستەخۆ ڕوبەڕووی خۆیان بێتەوە، نەک ئەوەی بێڕەحمانە دەست بداتە لەسێدارەدانی گەنجانی کورد، ئەوانەی کورد بە تیرۆریستی زگماگ دادەنێن، عەقڵیەتێکی سیاسیی نەخۆشیان هەیە، کێشەکە ئەو نەخۆشییەیە، نەک داواکارییەکانی گەلێک کە هەبوونی کراوەتە ئامانجی هێرش.

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە بۆ چالاکیی سیاسی و مەدەنی، بەڵام هەر کاتێک هەبوون و بەهاکانی ئاوا کراوەتە ئامانجی هێرش، مافی ڕەوای بەرگریی بەکارهێناوە، قبوڵ نەکردنی شوناسی کوردی ڕۆژهەڵات و پێداگری لەسەر سیاسەتە توندوتیژەکان قەیرانەکانی ڕژێم چارەسەرناکات و ناتوانێت تەسلیمبوونیش بەسەر گەلی کورددا بسەپێنێت.

هەرچەند هێرشەکان بۆسەر گەلی کورد زیاتر بێت، مەیلی کورد بۆ بەشداربوون لە هاوپەیمانییە ناوچەییەکان زیاتردەکات، ئەوەش هەر ئەو چەمکەیە کە پێی دەوترێت:"تەڵەی کورد"، هەر ئەو تەڵەیەی کە پاش جەنگی یەکەمی جیهانی لەلایەن سەرمایەداریی جیهانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆنرایەوە، وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریایان سەرقاڵ کرد بە بوکەڵە دەستکردەکانی دەوڵەت-نەتەوە و کوردەکانیشیان کردە ئەو ستەملێکراوانەی کە هەموو چرکەساتێک دەتوانن ئاگر لەو یارییە بەردەن، تورکیا گەمژانە تا قوڕگی چووە ناو ئەو تەڵەیەوە، دەرئەنجامی سەدام و دژەکوردبوونەکەی بینرا، داعش بە چاوی کوێرەوە کەوتە تەڵەکەوە، وادیارە لە سەردەمی جەنگی سێیەمی جیهانیشدا ئەو تەڵەیە هەر وا کاردەکات.

مێژوو سەلماندوویەتی، کە هیچ دەوڵەتێکی دیکتاتۆر ناتوانێت بە بۆمب کوشتار دەسەڵاتدارییەکەی ڕاگرێت، هیچ هێرشێک نەیتوانیوە گەلی کورد ناچار بە پاشەکشە لە داواکارییە ڕەواکانی بکات، لەمەو دواش ناتوانێت، کورد هەمیشە ئامادەبوون پرسەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەربکەن، بەڵام هەرگیزیش سەریان لە ئاستی زۆرداری و هەڕەشە دانەنەواندووە.

کۆماری ئیسلامی بەبێ قبوڵکردنی شوناس، مافەکان، ئازادیی و خۆبەرێوبەریی گەلی کورد و گەلە ستەملێکراوەکانی دیکە هەر وا دەسەڵاتدارییەی دیکتاتۆر دەمێنێتەوە، کۆمەڵکوژکردنی کوردەکان کۆتایی بە کۆمارییەتەکان و ئیسلامییەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا، بەڵام گەلی کورد توانی ببێتە ئەکتەرێکی هۆشیار و بەهێز لە هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆدا، دەوڵەتەکانی ناوچەکە دەبێت ئەم ڕاستییە قبوڵ بکەن، ئەگینا سەریان لە بەردی ڕەقی راستی دەدرێت، دوژمنایەتیی کوردەکان هەرچەند تراژیدیای گەورەی بۆ گەلی کورد پێکهێناوە، بەڵام لەو لاشەوە جگە لە سەرلێشێوان هیچی بۆ داگیرکەران تێدانەبووە".

ش.ف