پێنجشەممە, 30 أبر 2020 – 07:47 ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
https://youtu.be/V07NNhC7F4Q?t=1″>
ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ تاوەکو ئێستا درێژەیان هەیە و هێشتا ئەو هێزانەی کە بەپاساوی گرتنەبەری ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا گواسترانەوە بۆ ئەو ناوچەیە، پاشەکشێیان پێ نەکراوە، ئەوەش کاردانەوەی لەناو توێژە جیاجیاکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە.
هەردی ئەحمەد، بەڕێوبەری ڕێکخراوی فیوچەر لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئەگەر حکومەتی هەرێم کار لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی زینی وەرتێ نەدات، ئەوا ئێمە قەڵغانی زیندوو لەو ناوچەیە دروست دەکەین لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانەش باسمان لەو هەنگاوە کردووە.
لە ماوەی ڕابردووشدا ١٠٥ ڕێکخراوی مەدەنیی لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستانەوە یاداشتێکی هاوبەشیان بە ناونیشانی “نا بۆ شەڕی براکوژیی” لەسەر دۆخی زینی وەرتێ بڵاوکردەوە و داوایان کرد کە ئەو گرژییانەی لەو ناوچەیە هاتوونەتە کایەوە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
هەردی سەرکەوت باس لەوە دەکات، کە ئەوان لە یاداشتە هاوبەشەکەیاندا هەموو لێکەوتە و دەرەنجامەکانی شەڕی ناوخۆیان گەیاندووەتە حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان و حکومەتیشیان لە مەترسییەکانی ئەو دۆخە ئاگادار کردووەتەوە.
بەڕێوبەری ڕێکخراوی فیوچەر دەشڵێت: پەیاممان بۆ حزبە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێم هەیە، کە گرنگە لێکتێگەیشتن بکەن بە میکانیزمی باش بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی کە لە دەرەنجامی لێکتێنەگەیشتن دروستبووە، چونکە ئەمڕۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی نەخوازراودا تێدەپەڕن، بۆیە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ بۆ هەموو هێزەکان باشترین چارەسەرە، نەک ئەوەی ڕێکخۆشکەریی بکەن بۆ بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە.