ڕێکخستنە ئێزدییەکان بۆردومانەکەی ئەمڕۆی خانەسۆریان ئیدانەکرد

چەندین رێکخراو رێکخستنی ئێزدییەکان هێرشی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورکیان بۆ سەر ناوچەی خانەسۆری شەنگال، بە توندی ئیدانەکرد و بانگیان لە کۆمەڵگای ئێزدی و مرۆڤایەتی کردووە بێدەنگ نەبن و خاوەندارێتی لە نرخ و کلتوری ئێزدییەکان بکەن.


هەریەک لە ناوەندی یەکێتی کۆمەلەی ئێزدییەکان، چەتری ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی، ئەنجومەنی شەنگالی دەرەوەی وڵات، یەکێتی ئێزدییەکانی سوریا، یەکگرتنی گەنجانی ئێزی، ناوەندی چاندی ئێزدیخان و کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی گوندەکانی باکور، بۆردوومانەکەی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خانەسۆر ئیدانەکرد.

رێکخراو و رێکخستنە ئێزدییەکان بە راگەیەندراوێکی هاوبەش سەرەڕای ئیدانەکردن، هاوکات باسیان لە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کرد و رایانگەیاند: وەک ئاشکرایە سوپای دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک هەفتەیەک بەر لە ئێستا شەنگالی بۆردومان کردبوو، رای گشتیی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر ئەم کردەوەیە بێدەنگ بوون و ئەمرۆش جارێکی دیکە دەوڵەتی تورک شارۆچکەی خانەسۆری شەنگالی بۆردومان کردەوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورک خانوی کەسانی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە، دەشڵێن: دەوڵەتی تورک بە پێشەنگیی رژێمەکەی ئەردۆغان-ئاکەپە و بە یارمەتی چەتەکانی وەکو داعش، عەفرین و رۆژئاوایان داگیر کردووە و ئێستاش روویان کردووەتە شەنگال، دەوڵەتی تورک بە ناوی ئیسلامەوەو بە هزرێکی نەژادپەرست خاکی کورد بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، داگیر دەکات و لەهەوڵی گۆڕینی مێژووکەیدایە و دەڵێت 'نەخشەی عوسمانییەکان زیندوو دەکەمەوە' و خۆی وەکو خەلیفە یان پەیامبەری نوێ ناو دەبات و لە هەوڵی ئەوە دایە بە پشتیوانی شەریعەت و لە سەر بنچێنەی زۆرداری و پیاوسالاری، بە یارمەتی هاوکارەکانیی وەکو داعش، دەوڵەتێکی توندڕەوی ئیسلامی دروست بکات.

ڕێکخستنە ئێزدیەکان بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورۆپا و ئەمریکا بەرامبەر بەو کردەوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە توندی ئیدانەکردووەو جەختیان لەوە کردووەتەوە، پێویستە یەکێتی ئەوروپا بریاری "خۆسەری ئێزدی و سریانی لە دەشتی نەینەوا' جێبەجێ بکات کە لە (٤/٧/٢٠١٨) دەری کردبوو.

هەروها بانگیان لە کۆمەڵگای ئێزدییەکان و گشت مرۆڤایەتی کردووە کە بێدەنگ نەمێنن و بڕژێنە سەر شەقام و ئەمڕۆ رۆژی یەکێتی ئێزدییەکانە، بۆیە بەپێویستی دەزانن هەموو ئێزدییەکان خاوەنداریێتی لە نرخ و کەلتور و دین و خاکی خۆیان بکەن.

ب.ش