هێزێکی زۆری ئەمنی لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بڵاوەی پێکراوە بۆ ڕێگریی کردن لە خۆپیشاندان، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانیش دەڵێن: هەتا ئێستا ٢٠ کەس لە دەستگیرکراوانی دوێنێ ئازاد نەکراون، ئەمڕۆ ئازادیان نەکەن دەست بە خۆپیشاندان دەکەینەوە، ئازادیشیان بکەن، میکانیزمی نوێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەگرینە بەر.
بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ماوەی دوو ڕۆژە لەشاری سلێمانی خۆپیشاندان دژی دواکەوتنی موچە و خراپی دۆخی ئابووری دەستی پێکردووە، دوێنێ گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ڕوویدا و نزیکەی ٥٠ کەس لە خۆپیشاندەران دەستگیرکران.

لە ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکەوە، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، کە ڕۆژانە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان هەتا مافەکانی خەڵک وەردەگرن، بۆ ڕێگری کردن لە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان، هێزێکی زۆری ئەمنی لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی بڵاوەی پێکراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک ئەنجام نەدراوە.
عوسمان گوڵپی، یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان، لەبارەی چارەنووسی دەستگیرکراوەکان و بەرنامەیان بۆ بەردەوامی خۆپیشاندان بە ڕۆژنیوزی وت: هەتا ئێستا نزیەکی ٢٠ لە مامۆستایانی ناڕازی ئازاد نەکراون، چاوەڕوانین ئەمڕۆ ئازاد بکرێن، ئەگەر ئەمڕۆ ئازاد نەکرێن، ئەوا توڕەی خەڵک زیاتر دەبێت و ناڕەزایەتی زیاتری لێدەکەوێتەوە، ئەگەر ئازادیش بکرێن ئەوا پلانێکی دیکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دادەڕێژین.

د.ع