دوای هەوڵەکان بۆ ڕێگیریکردن لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان، خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان ڕێگای سەرەکی هاتووچۆی کەلار ـ سلێمانیان داخست.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بۆ زیاتر فشار خستنەسەر دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان،خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان دەستی پێکردەوە .
عەبدولڕەحمان ئەحمەد، خوێندکاری زانکۆی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز وتی : سەرەتا ئێمە ویستمان وەک ڕۆژانی داهاتوو درێژە بە خۆپیشاندانەکانمان بکەین بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکانمان، بەڵام هەر لەبەیانیەوە هێزێکی زۆری ئەمنی لەدەوروبەری زانکۆی گەرمیان کۆکرابوویەوە.
وتیشی: دوای ئەوەی هەستمان بە هەوڵەکان کرد بۆ ڕێگری و کۆتاییهێنان بەخۆپیشاندانەکان، سەرەتا بانگەوازمان لەخوێندکاران کرد و لەبەردەم زانکۆ کۆبوینەوەو درێژەمان بەخۆپیشاندان دا.
هەروەها باسی لەوەشکرد، دواتر خوێندکاران کۆدەنگ بوون بۆ زیادبوونی فشارەکان، خۆپیشاندانمان لە بەردەم زانکۆوە گواستەوە بۆ سەر ڕێگای کەلار ـ سلێمانی و لەئێستادا ڕێگای کەلار ـ سلێمانیمان داخستووە و ڕێگا بەهاتووچۆی ئۆتۆمبێل نادەین.
داواکارییەکانى خوێندکارانیش بریتین لە بەیاساییکردنی پڕۆژەیاسایی دەرماڵە و دابینکردنی، داشکاندنی زیاتری کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران و دانپێدانانی ئەو زانکۆیانەی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دانی پێدا نەنراوە
هەروەها داواکاری خوێندکاران بریتیە لە دانانی ناونیشانی وەزیفی بۆ ئەو بەشانەی کێشەیان هەیە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم، گەڕاندنەوەی شکۆی زانکۆ و ڕاگرتنی سوکایەتی بە خوێندکارانی زانکۆ و حەرەمی زانکۆکانی هەرێم .
ئازادکردنی هیوا خالد خوێندکاری زانکۆ، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراوە و تا ئێستا ئازادنەکراوە یەکێکی دیکە بوو لەداواکارییەکانى خوێندکارانى گەرمیان.
هـ.ح