سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕێگای نەدا سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بچێتە ناو بینای پەرلەمان و ئەندامانی تری فراكسیۆنەكەش بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كرد.
بە فەرمانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، پاسەوانەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ڕێگایان نەدا، کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بچێتە ناو بینای پەرلەمانەوە.
لە بەرامبەر ئەو ڕێگرییەدا ئەندامانی دیکە فراکسیۆنەکە هەڵوێستیان نیشاندا و دانیشتنی پەرلەمانیان بایکۆت کرد.
لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا، كاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری نەوەی نوێ وتی: سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كردوە و دەبێت بڕیاری بێبەشكردنی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەدانیشتنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبوەشێتەوە.
كاوە عيبدولقادر، وتیشی: ئەو هەڵسوكەوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ جۆرێكە لەدەربڕین و نیشاندانی ناڕەزایی و لەناو پەرلەمانەكانی دونیاش ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە هەیە، ئێمە لەسەر باسكردنی ژیانی خەڵك ڕووبەڕووی ئەم بابەتە بووینەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە، جەختیکردەوە، کە بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێكارەكانی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیی بۆ گێڕانەوەی كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان.
جێگای ئاماژەیە لە دانیشتنی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، جووتێک پێڵاوی گرتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پەرلەمان باسی بابەتێک دەکات پەیوەندی بە کێشەکانی خەڵکەوە نییە، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش ڕایانگەیاند، تا ئەو کاتەی داوای لێبووردن دەکات، ڕێگا نادەن بەشداریی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات.
ش.ف