لە هەولێر ڕەوتێكی سیاسیی نوێ بۆ شاری كەركوك، ڕاگەیەندرا و بڕیارە بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، نوێنەرێکی ڕەوتەکەش بانگەشەی سەربەخۆ بوون دەکات و دەڵێت: ڕكابەری ئەو لیستە دەكەین كە خیانەتی لە شاری كەركوك كرد.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ڕەوتێكی سیاسی ڕاگەیەندرا، كە بڕیارە لە شاری كەركوك خۆیان ئامادە بكەن بۆ بەشدارییکردن لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لەمانگی شەشی ساڵی داهاتوودا بکرێت.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر، كارۆخ سەید ڕەزا، بە نوێنەرایەتی ڕەوتەکە قسەی کرد و وتی، ڕەوتێكی نوێی سیاسیان دامەزراندووە بۆ شاری كەركوك، کە ڕەوتەکە پەیوەندی بەهیچ كەس و گروپ و لایەنێكی سیاسییەوە نییە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ڕەوتەکەیان چ پەیوەندییەکی بە دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری کۆچکردووی کەرکوکەوە هەیە، وتی: هیچ پەیوەندییەکمان بەویشەوە نییە بەڵکو ڕەوتەکەیان سەربەخۆیە.
كارۆخ سەید ڕەزا، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ناوی ڕەوتەكەیان جارێ ئاشكرا ناكەن و كاندیدەكانیشیان ئاشكرا ناكەن، تا کاتی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەوەی خستەڕوو کە كەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیریی گەورە و ئەو كەسانەن، كە دڵسۆزی شاری كەركوكن و لەگەندەڵی تێوەنەگلا و کاندیدیاندەبن لە ڕەوتەکەیاندا.
ئەوەشی خستەڕوو کە دروشمی ڕەوتەكەیان (متمانە – ڕاستگۆیی – یەكسانی) دەبێت، لەکۆتایشدا ئەو نوێنەرە وتی:”فشاری زۆرمان لەسەر بووە لەلایەن خەڵكی كەركوكەوە بۆ دروستكردنی ئەم ڕەوتە سیاسییە و دەمانەوێت ڕكابەریی ئەو لیستە بكەین كە خیانەتی لە شاری كەركوك كرد”.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی شەشی ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، تائێستاش دیارنییە لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کەرکوک بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە دەبن یان نا، بەڵام ڕاگەیاندنی ئەم ڕەوتە ئەوە دەردەخات کە پێناچێت سەرجەم لایەنەکانی کورد لە یەک لیستدا کۆببنەوە.
ک.س