پێنجشەممە, 31 ماي 2018 – 22:15 ڕۆژنیوز – جەبارە
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گوندی گڵابان-ی سەر بە شارەدێی جەبارە لە شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالە، ژمارەیەک چەتەی داعش دەستگیرکران.
بەرپرسێکی حزبی لە شارەدێی جەبارە، کە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دانیشتووانی گوندی گڵابات چوار کەسیان لە ئۆتۆمبێلێکدا دەستگیرکردووە، کە سیانیان چەتەی داعش بوون ئەوەکەی دیکەشیان شۆفێر بووە و بۆ ئازادکردنی برایەکی چووەتە لای چەتەکان.
وتیشی: دانیشتووانی گوندەکە زانیارییان هەبووە، کە چەتەکان هەوڵیان بۆ چوونە ناو گوندەکە هەیە، ئەوانیش بۆسەیان بۆ داناون و دەستگیریانکردوون.
ئەو بەرپرسە حزبییە، ئەوەشی خستەڕوو: چەتەکان چەک و تەقەمەنی و ڕومانەیان پێ بووە و لە مۆبایلەکانیشیاندا وێنە و ئاڵای داعش هەبووە، دوای دەستگیرکردنیان، ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی جەبارە کراون و لەوێشەوە دراونەتە دەست ئاسایشی کفری.
ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، چەند جارێک پەیوەندیکرد بە وتەبێژی ئاسایشی گەرمیانەوە، بەڵام بەردەست نەبوو.
ب.ل