ژنانی ئێزدی: یەکێتیی ئێزدیخان بەدیهێنانی خەونی مام زەکییە

ژنانی شەنگال باس لەوە دەکەن، کە خەونی مام زەکی پێکهێنانی یەکێتیی ئێزیدخان بووە و جەختدەکەنەوە، کە ئەوان بە پێکهێنانی یەکێتیی ئێزیدخان خەونی مام زەکی شەنگالی بەدیدەهێنن.


ژنانی ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی زەکی شەنگالی، ئەندامی کوردۆناسیۆنی جڤاکی ئێزدی-دا، کە لە ١٥ی ئابی ساڵی ٢٠١٨دا لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکدا لە شەنگال شەهیدبوو، باس لە تێکۆشانی شەهید مام زەکی کرد.

هەزار مەندۆدی، ژنێکی ئەندامی تاژێ-یە، لە سەرەتای قسەکانیدا لە کەسایەتیی مام زەکی-دا هەموو شەهیدانی بەبیرهێنایەوە و وتی: دووژمن ویستی بە بەئامانجگرتنی مام زەکی هەبوون و یەکێتیی گەلی ئێزدیی نەهێڵێت، چونکە هەموو ڕەنج و خەباتی مام زەکی بۆ یەکێتیی ئێزیدخان بوو، خاوەنداریی لە گەلی ئێزدیی دەکرد، دووژمن نەگەیشتە ئامانجەکەی، چونکە ئەمڕۆ دەیان مام زەکی دروستبوون و بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی مام زەکی تێدەکۆشن، ئێمەش وەک ژنانی ئێزدی کاردەکەین بۆ پێکهێنانی یەکێتیی کۆمەڵگاکەمان.

نەعیم ئەلیاس، ئەندامێکی دیکەی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدییە، ئەویش بەمجۆرە بۆچوونی خۆی هێنایە زمان: شەهید مام زەکیی بۆ کۆمەڵگای ئێزدیی زۆر گرنگ بوو، مام زەکی باوەڕیی ئێمە و کۆڵەکەی ڕێککەوتنمان بوو، ساڵانێکی زۆر بەبێ وەستان تێکۆشا بۆ ئەوەی گەلی ئێزدی یەکێتیی خۆی پێکبهێنێت، مانگی ئاب بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە، پێویستە خاوەنداریی لە خەونەکانی مام زەکی دەربکەوین.

غەریبە ڕەشۆ، ژنێکی دیکەی شەنگالییە و لە ناوچەی سەردەشت-ی چیای شەنگال دەژی، بەمجۆرە هەست و بۆچوونی خۆی لەسەر یەکەمین ساڵیادی مام زەکی شەنگالی دەربڕی: دوای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤، مام زەکی ڕووی لە شەنگال کرد، خاوەن ڕەنجێکی گەورەیە لەناو کۆمەڵگای ئێزدیدا، بەتایبەت هەمیشە ڕەنجی بۆ یەکێتیی ئێزیدخان دەدا، شەهید مام زەکی هیوای ئەوەبوو کە بە یەکێتیی و ڕێککەوتن ژیانێکی نوی لەناو کۆمەڵگای ئێزدیدا بەدیبهێنێت.

غەریبە، وتیشی: بەڵێن دەدەین کە ئەگەر یەک کچ و کوڕی ئێزدی مابێت ئێمە تۆڵەی مام زەکی بکەینەوە، چیتر لەناو یەبەشە و یەژەشە-دا سەدان دەروێش هەن کە تۆڵەی مام زەکی بکەنەوە.

ش.ف