"ژنانی شەڕڤان ناسنامەیەكی نوێیان بە خۆیان و بە ژنیش بەخشیی"

لە بەرامبەر ئەو بەرگرییەی دژی داگیرکەران ئەنجامی دەدەن، چالاكوانانی ژن لە شاری هەولێر، ڕایدەگەیەنن، ئەو شەڕڤانە ژنانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هێزی نێودەوڵەتی یان هێزی ناتۆ دەبنەوە، بە ئازایەتی و مەردایەتی خۆیان ناسنامەیەكی نوێیان بە خۆیان و بە ژنیش بەخشیووە.


ماوەی ١٤ ڕۆژە، دەوڵەتی داگیرکاریی تورک بە هاوکاریی گروپە چەتەکانی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا دەستپێکردووە و لە لایەن شەڕڤانانی هەسەدە وە ڕووبەڕووی بەرگری بێ وێنە بونەتەوە ژنانی شەڕڤانایش ڕۆڵی گەورەیان لەو ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگرییەدا هەیە، لەو ڕووەوە چالاكوانانی ژن لە شاری هەولێر بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

لە بارەی ڕۆڵی ژنە شەڕڤانەکانەوە نیشتیمان كەمال، چالاكوانی بواری ژنان ڕایگەیاند، ئەو شەڕڤانانەی لە ڕۆژئاوا ڕوو بەڕووی هێزی نێودەوڵەتی یان هێزی ناتۆ دەبنەوە، ئەوانە بە ئازایەتی و مەردایەتی خۆیان ناسنامەیەكی نوێیان بە خۆیان و بە ژنیش بەخشی، سەرلەنوێ ژنیان پێناسكردەوە ژن ئەو كائینەیە ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت ڕووبەڕووی گەورەترین هێزی نابەرامبەریش دەبێتەوە و ئەوان ڕۆڵ دەبین و ئامادەن گیان فیدابكات و ڕۆڵی كارا ببینێت.

وتیشی: ئەوانە هەمیشە نموونەیەكن کە خۆمان لە بەرامبەریان دەبینین، دیسانەوە ژیانی خۆمانی لەسەر پێناسە بكەینەوە، هەموو ئەوانە پێناسە بە خۆمان و ژنان دەبەخشێت و ئەوان مامۆستای ئێمەن.

هەر لە بارەی ڕۆڵی ژنە شەڕڤانەکانەوە پەرێز عومەر، چالاكوانی بواری ژنان، دەڵێت: ئێمە بەدڵ و بە گیان لەگەڵ شەڕڤانانین و بەدڵ و بەگیان لە خەمی ڕۆژئاوا بە ئازارین پێویستە ژنان لە شەقامەكانبن و هەموو بەیەكەوە دەنگێكی بەرز دروست بكەین، لە بەرامبەر ئەو داگیركارییەی توركیا دەیكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان بۆیە داواكارم لە ژنان بە تینتر و گوڕتربین لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان بۆ ئەوەی هەمیشە دەنگێكبین بۆ ناڕەزایی دەربڕین، خۆزگە ئێستا بمانتوانیبایە لە ڕۆژئاوای كوردستان پێشمەرگەبین، بەڵام كە ناتوانین با دەنگێكی بەرزبین بۆ پیشتگیری ڕۆژئاوای كوردستان.

ک.س