ژنانی مەخمور: چالاکیی دایکانی ئاشتی سەردەکەوێت

ژنانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لەمەخمور پشتیوانی چالاکیی دایکانی ئاشتی دەکەن کە ١٢ ڕۆژە لەدژی گەمارۆی سەر کامپەکەیان بەردەوامە.


ماوەی ٥٧ ڕۆژە گەمارۆ خراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، لە بەرامبەر ئەو گەمارۆە دایکانی ئاشتیی کامپەکە ١٢ ڕۆژە لەبەردەم بازگەی ئاسایشی پارتی بەردەوامن لە چالاکیی دانیشتن، ژنانی مەخموریش پشتیوانی ئەو چالاکییە دەکەن.

ژنێک بەناوی حەلیم محەمەد دەڵێت: لە دڵ و گیانەوە سڵاو لەو دایکانە دەکەین کە لەژێر گەرما و تەپوتۆز ١٢ ڕۆژە بەردەوامن لە چالاکی، ئەو چالاکییە سەرکەوتن دێنێت، دایکان هێمای ئاشتین، داخستنی ئەم ڕێگایە لە قازانجی حکومەتی هەرێم نییە، ئێمەش کوردین و پارچەیەک لە کوردستانین، داوا لە حکومەت دەکەین بە زووترین کات ئەو ڕێگەیە بکاتەوە.

ژنێکی دیکەش بەناوی بەسنا بووداک دەڵێت: سڵاو لە بەرخۆدانی دایکانی ئاشتی دەکەم، بە دڵ و بە گیان پشتیوانیانین، مەخمور کامپێکی مەدەنییە، هیچ زیانمان بۆ حکومەتی هەرێم نەبووە، بەڵام ٥٧ڕۆژە گەمارۆ خراوەتە سەرمان، ڕێگا بە نەخۆش و کرێکارەکانمان نادرێت بچنە هەولێر، دۆخی خەڵک خراپە، داوا لە حکومەت و بەڕێوبەرانی هەرێم دەکەین کە ئەو گەمارۆە لەسەرمان لابەن، وەک دایک داوای شەڕمان نەکردووە و لایەنگری ئاشیین، ئێمە دوژمنی حکومەت و خاکی کوردستان نین، پشتیوانی خۆشمان بۆ دایکانی ئاشتی ڕادەگەینین.

هەزار کاچان، کە ژنێکی دیکەی دانیشتووی کامپەکەیە، دەڵێت: لەوانەیە نەتوانین خۆمان بگەینینە ئەو دایکانە لەبەردەم بازگەکەی ئاسایشی پارتی چالاکی دەکەن، بەڵام بیرمان هەر لای ئەوانە، سڵاو لە بەرخۆدانی دایکانی ئاشتی دەکەم.

د.ع