ژنانی چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، بۆ پشتیوانیکردنی هەڵمەتی “١٠٠هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر” و ئیدانەکردنی بە ئامانجگرتنی ژنانی تێکۆشەر لەلایەن دەوڵەتی تورک و ئێرانەوە، گردبوونەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ژنانی چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ساز كرد و لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان ڕایانگەیاند بۆ هەڵمەتی “١٠٠هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر” بۆ بەدادگا گەیاندنی ئەردۆغان لەسەر کەیسی ١٠٠ ژن و منداڵ، کە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات تیرۆر کراون، هەروەها بۆ ئیدانەکردنی ڕەشبگیری و بە ئامانجگرتنی ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەدار لەلایەن هەردوو دەوڵەتی تورک و ئێرانەوە.

فاتم سەقزی، بەیاننامەکەی خوێندەوە كە تێیدا هاتبوو: “ئێمە وەك بەشێك لە ژنانی چالاكی ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە مەبەستی یەكخستنی دەنگی خۆمان لەگەڵ هەڵمەتی “١٠٠هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر”داین وتیشی: پشتگیریی لە مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی باكووری كوردستان دەکەن کە بۆ نەھێشتنی گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ دەستی پێكردوە و بەردەوامە و هەروەها بە ئاماژە بە كەسایەتیی لەیلا گۆڤەن كە لە پێشەنگەکانی تێكۆشانی ئازادیخوازانەیە لە باكووری كوردستان و توركیا، سڵاویان بۆ ئیرادەی سەرجەم خەباتكارانی زیندن نارد.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژەیان بەوەش كرد، پەلامار بۆ سەر چالاكانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان، ڕەوتێكی مەترسیداری گرتوەتە بەر و دەسەڵاتدارانی ئێران لەم چەند رۆژەی دواییدا، بە بەڕێخستنی شەپۆلێكی بەربڵاوی گرتن و ڕفاندن، لە ھەوڵی كپكردنی دەنگی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازیدایە كە لەم پەلامارو ھێرشانەشدا، دیسان ژنان كراونەتە ئامانج.
لە کۆتاییشدا داوایان لە سەرجەم ژنانی كۆمەڵگای كوردستان و ناوچەكە كرد، بە یەكگرتوویی و بە بەرفراوانكردنی چالاكییەكانیان، رێگر بن لە درێژەدان بە سیاسەتی لەناوبردن و كۆیلەكردن و ھێز و وزەی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ دەستەبەركردنی ژیانی ئازاد، وەگەڕ بخەن.
ئـ ت