ژیان یاسین: دەبێت ژن سەرکردایەتیی شۆڕشێکی هزریی بکات

ژیان یاسین، چالاکی ژنان، خراپیی سیستمی حوکمڕانیی بە هۆکارێکی زیادبوونی توندوتیژیی دەزانێت و دەڵێت،" لەژێر کاریگەریی سیستم ژن لە شوێنێک شەڕڤانە و شەڕی ڕزگاریی دەکات، لە شوێنێکیش شاجوانە و کاڵایە بەدەستی بازرگانی مرۆڤایەتییەوە"، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەش پێیوایە، کە دەبێت ژن سەرکردایەتیی شۆڕشێکی هزریی بکات.


بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی دژنان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سێ هەزار و ١٢٩ سکاڵا  و ٣٧ حاڵەتی دەستدرێژی جنسیی، تۆمار کراوە، ئەمە جگە لە حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن، ساڵانەش ئامارەکان بەبەراورد بە ساڵی پێشتر بەرز دەبنەوە.

ژیان یاسین، چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە بادینان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە هۆکارەکانی زیادبوونی ئەو توندوتیژییانە کرد و وتی: ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین، کە دەوروبەرمان هەمووی شەڕ و وێرانکارییە، ئەمەش زۆر تاوان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەناو خێزانەکان و ناوەندکەنای پەروەردە و فێرکردنیش-دا پەروەردەی گونجاو نییە، خێزانەکان پەرتەوازەن، گرنگیی بە پەروەردە نادەن لە ئەنجامدا کەسایەتییەکی توندوتیژ بەرهەم دەهێنن.

ژیان، خراپیی حوکمڕانیی، سەروەرنەبوونی یاسا و دادگاکان بەهۆکارێکی دیکە دەزانێت وپییوایە، "ئەو کەسانەی کاری هۆڤانە ئەنجام دەدەن پشتیان بە دەسەڵات ئەستوورە و دەزانن کە لە سزا دەربازیان دەبێت، یانیش پەنا بۆ سوڵحی عەشایەریی دەبەن".

ئەو ژنە چالاکوانە زیاتر تیشکی خستەسەر ڕۆڵی نەرێنیی دادگاکانی هەرێمی کوردستان و وتی:"دادگا ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و زۆر کەیسی یەکلایی نەکردووەتەوە، ناتوانێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێک دەربکات، کە دەستی بە خوێنی گەنجی ئەم وڵاتە سورە".

لە ڕوانگەی ژیان یاسین-ەوە، خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا-ش هۆکارێکە و ڕایگەیاند: ئەگەر پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی یەکسان نەبێت بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کێشەی گەورە ڕوودەدات، ئیستا وێنەی کوشتن و خوێن لە هەموو ماڵێکدا هەیە، ئەمە وا لە مرۆڤ دەکات بەرەو توندوتیژیی بچێت.

ڕەخنەشی لە کەناڵە کوردییەکان گرت، کە بە پەخشکردنی درامای بیانیی، کلتوری وڵاتان تێکەڵ بە کلتوری کوردیی دەکەن، وتیشی: دیمەنەکانی ناو دراماکان زۆر دوورن لە ڕاستیی و بۆ تێکدانی کۆمەڵگا پەخش دەکرێن، خەڵکیش ئەوەندە شارەزا نییە، کە بزانن ئەو دیمەنانە ڕاست نین، ئەو حاڵەتانە هێواش هێواش دێنە ناو کۆمەڵگا و دەبن بە دیاردە.

سەبارەت بە کاری ڕێکخراوەکانی ژنان-یش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تودندوتیژیی، ژیان یاسین، وتی: کاری ڕێکخراوەکان جوانکردنی ڕووی حزبەکانە، نەیانتوانیوە خۆیان لە قاڵبی زهنیەتی پیاوسالاریی دەربخەن، هەندێک لەوانە تەنیا بە ڕووخسار ژن و بە بیرکردنەوە پیاون، ناتوانن دژایەتیی بڕیارێکی حزبەکانیان بکەن، کە دژی بەرژەوەندیی ژن بێت، هەروەها نەتوانن بەپێی پێویست هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی بڵاوبکەنەوە.

بۆ چارەسەری هەموو ئەو کێشانەش، پێیوایە"دەبێت ژن سەرکردایەتیی شۆڕشێکی هزریی بکات دژی سیستمی بەکاڵاکردنی ژن و بازرگانییکردن پێوەی، خۆی لە کۆت و بەند ڕزگار بکات، چاو لە ژنانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان بکات" وتیشی: ژن لە هەر چوار پارچەی کوردستان خاوەن مێژوویە، بەڵام ئێستا لەژێر کاریگەریی سیستمی سیاسیی ژن لە شوێنێک شەڕڤانە و شەڕی ڕزگاریی دەکات، لە شوێنێکیش شاجوانە و کاڵایە بەدەستی بازرگانی مرۆڤایەتییەوە.

ش.ف