کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی قەڵا لە گەرمیان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای مووچە و دامەزراندنیان کرد و ڕایانگەیاند: بەبێ مووچە ناتوانین خزمەت بکەین.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ ماوەی چوار مانگ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای مووچە و دامەزراندنیان کرد.
ئەحمەد جومعە بەیاننامەی بەشداربوانی گردبوونەوەکەی خوێندەوە و تێیداهاتبوو: ئێمە وەک ۱٤٥ کارمەندی تەندروستیی لە نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ماوەی ساڵێکە خزمەتدەکەین و ژیانی خۆمان و خانەوادەکانمان خستووەتە مەترسییەوە بۆ چارەسەرکردنی توشبوانی کۆرۆنا لە گەرمیان، بەڵام ماوەی چوار مانگە هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا بژێویی زۆربەی کارمەندەکان لەسەر ئەو مووچەیە.
هەروەها تێیدا هاتبوو: ئێمە بێبەشکراوین لە سەرجەم شایستە داراییەکان و داهاتووشمان دیارنییە، بۆیە داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەین داواکارییەکانمان جێبەجێبکەن، کە مافێکی سەرەتایی خۆمانە، مووچەی ئەو چەند مانگەمان پێبدرێت و خزمەتی یەک ساڵمان بۆ هەژماربکرێت بۆ دامەزراندنمان.
لە کۆتایشدا ڕایانگەیاند: لە ئێستادا زیاتر لە ٦۰ نەخۆش لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرن و لەژێرچاودێرییدان، ئێمەش چیتر بەبێ مووچە ناتوانین خزمەتبکەین و دیارنییە لە ئەگەری وازهێنانی ئێمە، چارەنووسی ئەو نەخۆشانە چی لێدێت، ئەگەر بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەیەن ئەوا هەڵوێستی جیاوازتر دەگرینەبەر.
نەخۆشخانەی قەڵا، ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە تایبەت بە توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەرمیان، ۱٤٥کارمەند تێیدا خزمەتدەکەن، کە گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستیی گەرمیان هەیە، لە ڕابردوودا لەلایەن خێرخوازان و هاوسەرۆکانی یەنەکەوە مووچەکانیان دابیندەکرا، بەڵام ماوەی چوار مانگە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.
شەوی ٢٧ی تەمموزیش، جەلال نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵاوە، بڵاوكردەوە و ئاشکرایکرد، “ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەی کۆرۆنا، ویستمان بارودۆخی خراپی نەخۆشخانەی قەڵا بگەیەنین بە وەزیری تەندروستیی، بەڵام وەزیری تەندروستیی، زۆر خەمساردانە و بێباکانە لە بابەتەکەی ڕوانی و دوور لە ئەتەکێت و بێ حسابکردن بۆ ئیدارەی گەرمیان و نەخۆشخانەی قەڵا، کە نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتەکەیەتی، وەڵامی دایەوە و پێی وتین، ئەوە پێشتر بە کاری حزبی کراوە و ئامادە نەبوو زیاتر گوێ بگرێت”.
ش.ف