کارمەندێکی نەخۆشخانە کوژرا

لە شاری هەولێر بە مەبەستی کوشتنی پزیشکێک دەستڕێژی گولـلە لە ئۆمبێلێک کرا و شۆفێرەکەی کوژرا، بەڵام کوژراوەکە پزیشکەکە دەرنەچوو.


شەوی ڕابردوو لە شاری هەولێر دەستڕێژی گولـلە لە شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆر دۆج کرا، کە ناوی سالار مەلاسدیق-ە و تەمەنی ٣٤ ساڵ و کارمەندی بەشی ژمێریاریی نەخۆشخانەیەکی ئەهلیی هەولێر بووە.

لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا گەنجەکە کوژرا و پۆلیسی هەولێریش تاوەكو ئێستا هیچ روونكردنەوەیەكی بڵاونەكردووەتەوە.

بەپێی زانیاریەكانی ڕۆژنیوز، كە لەكەسێكی نزیك لە كوژاروەكەوە دەستیكەوتووە، (سالار سدیق) ئامانجی بکوژان نەبووە، بەڵکو ئامانجەکە پزیشکێکی نەخۆشخانەکە بووە، کە دوو مانگ پێش ئێستا نەشتەرگەریی بۆ کەسێک لە عەشیرەتە دیارەکانی هەولێر کردووە و دوای نەشتەرگەرییەکە، نەخۆشەکە گیانی لەدەستداوە، عەشیرەتەکەش پێیانوایە، کە کەمتەرخەمیی پزیشکەکە بووە و هەڕەشەی کوشتنیان لە پزیشکەکە کردووە، ١٠ ڕۆژ پێش ئێستاش سالار، ئۆتۆمبێلەکەی ئەو پزیشکەی کڕیوە، بۆیە وایانزانیوە ئەو ئۆتۆمبێلە پزیشکەکەی تێدایە و کوشتوویانە.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەرە ڕووداوەكە ڕۆژنیوز چەندیدن جار پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكان وەڵام نەدرانەوە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٣٢ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ش.ف