پاش شەش ساڵ لە ئاوارەیی ٧٥٠ خێزان لە ئاوارەکانی سنووری شارەدێی سەعدییە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڕێوبەری شارەدێکەش ئاماژە بەوەدەکات، کە هەتا ئێستا شەش هەزار خێزان ڕێگاپێدانی گەڕانەوەیان بۆ کراوە، پارێزگاری دیالەش دەڵێت، کە داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە خانوو بۆ خێزانە گەڕاوەکان دروست بکرێت.
بەهۆی شەڕی چەتەکانی داعشەوە، زۆرێک لە دانیشتوانی شارەدێی سەعدیە و گوندەکانی دەوروبەری ئاوارە بوون و خانووەکانیان ڕووخا و ماڵەکانیان سوتا، ئەمڕۆ لە مەسیمێکدا لە شارەدێی سەعدییە، پێشوازی کرا لە ٧٥٠ خێزانی گەڕاوە.
ئەحمەد زەرگوشی، بەرێوبەری شارەدێی سەعدیە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ كاروانی ٢٦ مین لە ئاوارەكانی گوندەكانی دەوربەری سەعدیە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، كە بریتیبوون لە ٧٥٠ خێزان، لە ئێستادا تەنها یەك كاروانی دیکەی ئاوارە ماوەتەوە بگەڕێنەوە.
هەروەها وتی: تاكو ئێستا نزیكەی شەش هەزار خێزانی ئاوارە ڕێگەپێدانی گەڕانەوەیان هەیە، نزیكەی هەزار و پێنچ سەد خێزان ماوەتەوە كە ناویان دەربچێت بۆ گەڕانەوە، پاش گەڕانەوەی ناوی ئەو خێزانانە ئیدی دۆسیەی ئاوارەكان كۆتای دێت لە سەعدییە.
موسەنا تمیمی، پارێزگاری دیالە لە مەراسیمەکەدا وتی: كۆمەڵێك ڕێگریی هاتە پێشمان، بووە هۆکاری ئەوەی نەتوانین تاكو ئێستا ئاوارەكان بگەڕێنینەوە بۆ گوندەكانی خۆیان، هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە خانووەكان ڕوخێندراوە و شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ خێزانەكان نەماوە، بۆیە لەكاتی سەردانكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دیالە، داوام لێكرد، كە بە نرخێكی كەم خانووە بۆ ئەو خێزانانە دروست بكەین، لە ئێستادا بەردەوامین لە دۆسێی قەرەبوو كردنەوەی ئاوارەكان.
زكرا شاكر، ژنێكی ئاوارەیە بە ڕۆژنیوزی وت: خۆشحاڵم كە پاش شەش ساڵ لە ئاوارەیی ئەمڕۆ دەگەرێمەوە بۆ نێو گوندی بەنی وەیس، داوادەکەم حکومەت قەرەبوومان بکاتەوە، چونکە خانوەکانمان ڕووخاوە و ماڵەکانمان یان تاڵان کراوە یان سوتێنراوە.
د.ع