ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو مانگێک ٣٠٠ ملیار دینار لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دیارنامێنێت و قاچاخچێتیی دەروازە سنوورییەکانیش لە زاخۆوە تا خانەقین بەردەوامە.
ئەمڕۆ کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەنەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لەبارەی قسەی پەرلەمانتارێکی پەدەکە لەسەر “نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی حکومەت” ئەنجامدا.
گەزنەیی ڕایگەیاند: ئەو داهاتەی وەزارەتی دارایی داوای دەکات لە پارێزگای سلێمانییەوە دەنێردرێت بۆ خەزێنەی حکومەت و ئەوەی دیکەش کە دەمێنێتەوە تەرخان دەکرێت بۆ پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەترسیی سلێمانی، کە ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێمەوە کارەکانی ڕاگیراوە.
لەبارەی قاچاخچێتیی لە خاڵە سنوورییەکانیشەوە ئەو پەرلەمانتارەی یەنەکە وتی: قاچاخچێتیی لە زاخۆ تا خانەقین بەردەوامە و لە تەواوی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ماوەیەکە هێزێکی ئەمنیی لە پارێزگای سلێمانیی بۆ ڕێگرییکردن لە قاچاخچێتیی جێگیرکراوە، بەڵام ئایا هەمان هێز لە ئیبراهیم خەلیل و دهۆکیش هەیە؟
کاروان گەزنەیی ئەوەشی نەشاردەوە کە “قاچاخچێتییەکی ڕێکخراو لە دەروازەی وەلید دەکرێت بۆ گروپێکی دیارییکراو و یەک دیناری ناگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم، تەحەددای سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەم داهاتی وەلید بۆکوێ دەچێت؟”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشیکرد: مانگانە نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت هەیە، لەو بڕەش مانگانە تەنها ٤٨٠ ملیۆن دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم و هەموو مانگێک ٣٠٠ ملیار دینار لە داهاتی نەوت دیارنامێنێت.
وتیشی: لە ساڵانی ٢٠١٨، ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ قەبارەی گەندەڵیی و بەهەدەردانی موڵکی گشتیی لە هەرێمی کوردستان، نزیکبووە لە ٦٠٠ ملیار دینار، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، کە ٨٠٪ی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکە.
ب.ل