بریکارى وەزارەتى کارەباى هەرێم ڕایگەیاند، پلانمان ئەوەیە سیستەمی پری پەید جێبەجێ بکرێت، کە ھاوشێوەی کارتی مۆبایلە و لەئێستاشدا وەک تاقیکردنەوە لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر و بازاڕی دھۆک دەستی پێ کردووە، دەشڵێت، ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە ھەموو کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نوسیوێتى: پلانی وەزارەتی کارەبا ئەوەیە سیستەمی پری پەید جێبەجێ بکرێت، کە ھاوشێوەی کارتی مۆبایل ھاوبەشانی کارەبا بەکاری دێنن، پڕۆژەکە وەک تاقیکردنەوە لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر و بازاڕی دھۆک دەستی پێ کردووە.
لە بەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا بریکارى وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەشکردووە: ئەوانەی سیستەمی پری پەید بەکاردێنن دەتوانن لێیان بپرسن چەند سوودی ھەیە و نرخی کارەباش کەمتر لەسەریان دەکەوێت.
کامیل قەزاز وتوشیەتى: ئەگەر سیستەمەکە سەرکەوتوو بێت و لەگەڵ کۆمپانیا گەیشتینە ڕێککەوتن، ئەوا ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران وەردەگرین بۆ ئەوەی لە ھەموو کوردستان جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتاى نوسینەکەیدا بریکارى وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاندووە: سیستەمەکە کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕەوشی کارەبا و خەرجی کەم دەکاتەوە و داھات زیاد دەکات.
ئ.م