دووشەممە, 13 أبر 2020 – 08:19 ڕۆژنیوز – سلێمانی
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دادوەری کۆماری تورک، تەرمی گەریلای هەپەگە عەگید ئیپەک کە، لە گردی خەلاسۆری ناوەندی دەرسیم لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٧ لە شەڕدا شەهید ببوو، لە ڕێگەی پۆستەخانەوە بۆ دادوەری کۆماری ئامەد نارد بوو و پاشان تەرمەکە ٢ی ئازار ڕادەستی پۆستەخانە کرابوو و لە ڕێگای کۆمپانیاکانی پۆستە و گەیاندنەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
مەلا سامان، سەنگاوی مامۆستایی ئایینی، دەربارەی شێوازی ناردنەوەی جەستەی ئەو گەریلایە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ڕووی ئایینییەوە وتی: دیارە لە ئیسلامدا کەسێک کە کۆچی دوایی دەکات یان شەهید دەبێت و تەرمەکەی لە شوێنێک دەنێژرێت و دواتر تەرمەکەی دەردەهێننەوە یەکێکە لە تاوانە هەرە قێزەون و گەورەکانە، ئەمڕۆکە کە دەوڵەتی تورک شەڕی لە دژی گەل و خاکی کوردان ڕاگەیاندووە، لە شەڕی زیندووەکانەوە گەیشتووەتە شەڕی مردووەکانیش، لە کاتێکدا پێغەمبەری ئیسلام محەمەد درودی خوای لێبێت، دەفەرمێت”شێواندنی ئێسک و پروسکی مردوویەک وەک ئەوە وایە کە بە زیندووی ئازاری بدەیت”، بۆیە ئەمانە سەلماندیان کە لە شەیتان شەیتانترن و هەموو سنوورە ئایینی و ئەخلاقییەکانیان بەزاندووە.
مەلا سامان باسی لەوەشکرد: ئەمەی کە ئێستا کراوە و دەوڵەتی تورک دەیکات، ئاماژەیە بۆ زیندوویەتی ئێمەی گەلی کورد و ئەگەر ئێمە لە پێناوی خاک و نیشتمانماندا بکوژرێین شەهیدین، بۆیە مانای ئەوە دەگەیەنێت دوژمن بەرامبەرمان چۆکی داداوە و ئێمە کاریگەری و بوونمان هەیە و ئیرادەمان بەرزە.
ئەبوبەکر مەجید، کارمەندی تەندروستی و چالاکوان، هەر لەو چوارچێوەیەدا وتی: هەموو گەل و کۆمەڵگایەک کۆمەڵیک پێوانەی کلتوریی، ئاینی و باوەڕی خۆیی هەیە، کاتێکیش دەستدرێژی دەکرێتە سەر هەر یەکێک لەو پێوانانە، ئەوا سووکایەتییە بەو گەلە، گەریلایەک کە لە پێناو پاراستنی خاک و گەلەکەیدا شەهید دەبێت ئەوا ئەو دەبێت بەهای ئەو گەلە، هەر بۆیە کاتێک جەستەی گەریلایەکی شەهید دەشێوێنرێت ئەوا دوبارە سووکایەتییە بەو گەل و کۆمەڵگایە.
هەروەها وتیشی: ئەو هەڵسووکەوتە نەشیاوەی کە دەوڵەتی تورکی فاشیست بەرامبەر بە تەرمی ئەو گەریلایە کردوویەتی دەستدرێژییە بۆ سەر نرخ و بەهای گەلی کورد و مرۆڤایەتی، پەیوەست بەوەوە پرسی تەندروستییش هەر پرسێکی مرۆییە و ئەو شێوازە ناردنەوە دەستدرێژییە بۆ سەر پرسە تەندروستییەکانیش.
شایەنی باسە، لەساڵی ٢٠١٧دا کاتێک عەگید ئیپەک، گەریلای هەپەگە، شەهید بوو لەلایەن خانەوادەکەیەوە هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی تەرمەکەی وەربگیرێتەوە بەڵام دەوڵەتی تورک لەوکاتەدا تەرمەکەی نەدایەو ئەوەش بە بیانووی ئەوەی کە تەرمی گەریلا عەگید لای ئەوان نییە، بەڵام لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ خانەوادەکەی ئاگادارکرایەوە کە تەرمی عەگید ئیپەک لای ئەوانە، بەو هۆیەوە خانەوادەکەی پشکنینی (دی ئێن ئەی)یان ئەنجامدا، ئێستاو دوای سێ ساڵ تێپەڕین بەسەر شەهیدبوونیدا بە پۆستەدا جەستەکەی بۆ دایکی ناردووەتەوە.
د.ع