سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی چووە ناو ئەو هاوڵاتیانەی کە بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان گردبوونەوەیان ئەنجامدابوو.
ئەمڕۆ ژمارەیەک لە مووچەخۆران و جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان بە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گردبوونەوە.
ئەو هاوڵاتیانە چەند لافیتەیەکیان بەرزکردبووەوە کە تێیدا داوای گێڕاندنەوەی شایستەداراییەکانی جووتیارانی هەرێمیان دەکرد و بەخێرهاتنی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان دەکرد.
مستەفا کازمیی چووە لای هاوڵاتیان و گوێبیستی داواکارییەکانیان بوو و بەڵێنی پێدان کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
هاوکات لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانیش ژمارەیەک مامۆستای هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیان ئەنجامدابوو و یاداشتێکیشیان لەبارەی داواکارییەکانیانەوە گەیاندە تیمی کازمیی.
لە یاداشتەکەدا ئەو هاوڵاتیانە داوایان لە سەرۆک وەزیران دەکرد کە مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دابینبکرێت و لقی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید لە هەرێمی کوردستان بکرێنەوە بەمەبەستی پێدانی پێشینە، هەروەها داوایان دەکرد هەمان ماف و شایستەکانی مامۆستایانی عێراق بۆ مامۆستایانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت.
ک.س