کامپی مەخمور ٦٧ ڕۆژە لەژێر گەمارۆدایە

ماوەی ٦٧ ڕۆژە کاربەدەستانی هەولێر گەمارۆیان خستووەتەسەر خەڵکی پەنابەری کامپی شەهید ڕۆستم جودی لە مەخمور، دژی ئەو گەمارۆیە دایکانی ئاشتی ٢٢ ڕۆژە دەستیان  بە چالاکیی دانیشتن کردووە.


دوای ئەوەی ڕۆژی ١٧ی تەمموز، بەرپرسێکی دەزگای سیخوڕی دەوڵەتی تورک لە هەولێر کوژرا، کاربەدەستانی هەولێر ڕێگەی مەخمور-هەولێریان داخست و گەمارۆیان خستەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور کە ٦٧ ڕۆژەبەردەوامە.

سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکانی ئەنجومەنی گەلی مەخمور و ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی کامپەکە، تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ لابردنی ئەو گەمارۆیە نەدراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە دایکانی ئاشتی کامپەکە دژی ئەو گەمارۆیە و بۆ لابردنی، ماوەی ٢٢ ڕۆژە لە بەردەم بازگەی ئاسایشی پارتی لەسەر ڕێگەی نێوان هەولێر - مەخمور دەستیان بە چالاکیی دانیشتن کردووە، سەرەڕای هەموو ئاستتەنگییەکان شەو و ڕۆژی خۆیان لەوێ بەسەر دەبەن.

دایکان داوادەکەن لەسەرئەو گەمارۆیە چاویان بە کاربەدەستانی هەولێر بکەوێت، بەڵام تا ئێستا کاربەدەستانی هەولێر هیچ وەڵامێکی داواکاریی ئەو دایکانەیان نەداوەتە، دایکانی ئاشتیش بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.

شایەنی باسە کە هێزەکانی ئاسایشی پارتی لە بازگەکە، ڕێگە نادەن کەسێک سەردانی ئەو دایکانە بکات و لەگەڵیان دانیشێت.

س.ح