کانیدانی هەڵبژاردنی شارەوانی کامپی مەخمور خۆیان ناساند

لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، کاندیدانی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی کامپەکە و ئەنجومەنی  شارەوانی بانگەشەیان دەستپێکرد و خۆیان بە هاوڵاتیانی کامپەکە ناساند و پڕۆژەکانیان ئاشکرا کرد.


ئەمڕۆ لە بارەگای ئەنجومەنی گەل، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخمور، کاندیدانی ئەنجومەن و هاوسەرۆکایەتی شارەوانی مەخمور خۆیان ناساند و پڕۆژەکانیان ئاشکرا کرد.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا یادی ئازادکردنی شاری کۆبانێ پیرۆزکرا و دواتر هەریەک لە کاندیدەکان خۆیان ناساند و پڕۆژەکانیان بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا کرد.

سەرجەمی کاندیدەکان جەختیان لەوەکردەوە، کە بەردەوام لەناو گەلدا دەبن و خزمەت بە هاوڵاتیانی کامپەکە دەکەن، هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد، کە گرنگی بە خاوێنکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکانی کامپەکە دەدەن و هەوڵدەدەن ڕێگاکان چاک بکەن.

بڕیار وایە ڕۆژی ١-٢-٢٠٢٠، ١٢یەمین خولی هەڵبژاردنی شارەوانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی چوار کەس خۆیان کاندید کردووە، کە یەکێکیان ژنە، هەروەها بۆ ئەنجومەنی شارەوانیش ٤٦ کەس خۆیان کاندید کردووە، کە شەش کەسیان ژنە.

کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، کامپێکە کە زیاتر لە ١٠ هەزار پەنابەری سیاسی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێن و سەرجەم کاروباری ناو کامپەکە، وەک شارەوانی و پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە لەلایەن خەڵکی کامپەکە خۆیانەوە بەڕێوە دەبرێت.

د.ع