چاودێرێكی سیاسی لەسەر ئەو بارودۆخەی دوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ توركیا دێتە پێشەوە دەڵێت: پێویستە لایەنەکان لەگەڵ یەکتری دانیشتن و گفتوگۆ بکەن، بۆ لێک تێگەیشتن سەبارەت بەو مەترسییانەی ڕوودەدات، بۆ ئەوەی یاریی بە چارەنووسی گەلی کورد نەکرێت و لە سوودی دووژمنانی کورد کۆتایی نەیەت.
ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕابردوو، کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە بڵاویكردەوە سوپای تورک و پەدەكە پیلانیان داناوە هێرش بۆ سەر گەریلاکان دەستپێبکەن، بۆئەوەش سیناریۆیەكی مەترسیدار داڕێژراوە و پەدەكە بەشدار دەبێت لە هێرشەكاندا و داوایشیكرد، ڕێگریی لەو پیلانە بکرێت، چونکە ستاتۆ و دەستکەوتەکانی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.
ڕۆژی ١٥ی نیسان و هاوكات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەكانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری كوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەیاوەریی شاندێکی پەدەکە گەیشتە تورکیا و لەگەڵ تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی تورک و هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای سیخووڕیی دەوڵەتی تورک کۆبویەوە.
لەو بارەیەوە کاوە نادر، چاودێری سیاسی بۆ ڕۆژ نیوز وتی: دانیشتنی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، زیاتربوو لە پرسی گازی سروشتی، چونکە شاندی تورکیا بریتبوو لە ئەردۆغان و ئامادەیی هاكان فیدان و ئامادەنەبوونی وەزیری وەزەی توركیا و وەزیری سامانەسروشتییەكانی هەرێم، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە پرسی پەكەكە و ئامادەکاریی بوو بۆ هێرشکردنە سەر باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان.
باسی لەوەشکرد، پەدەکە بڕیادەری سەرەکیی هەرێمی کوردستانە لە بارودۆخەکاندا، لەکاتێکدا هێز و لایەنەکانی نێو حکومەت ڕۆڵیان نیە، چونکە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دەوڵەتی تورکیا بکات، لایەنەکانی تر بێ ئاگا و ئاگادار نین، بۆیە گەر لایەنەکانی تر ئاگاداری ئەم سەردانەن، دەبێت خەڵکی کوردستانیش ئاگاداربن، گەرنا پێویستە لایەنەکانی نێو حکومەت بەیانامەیەک دەربکەن و بێ ئاگایی نیشان بدەن لەو سەردانە بۆ تورکیا، یانیش ئەوەیە سەرجەم لایەنەکانی ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم بارودۆخەدا ڕازین.
کاوە نادر بە پێویستی دەزانێت، خەڵکی کوردستان لەم بارودۆخە ئاگادار ببێتەوە و وتی: دەبێت ڕەهەندی نیشتیمانیمان هەبێت لە بارودۆخێکی ئاوادا، هەروەها لایەنە سیاسییەکان و هێزەکان ناکۆکیەکانیان وەلابنێن، پێویستە لایەنەکان لەگەڵ یەکتری دانیشتن و گفتوگۆ بکەن، بۆ لێک تێگەیشتن لەو مەترسییەکانی ڕوودەدات، بۆ ئەوەی یاری بە چارەنووسی گەلی کورد نەکرێت لە سوودی دووژمنانی کورد کۆتایی نەیەت.
س.س