کرێکارێک لەماڵەکەی خۆیدا ڕفێنرا

ژمارەیەک چەکدار، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک و ئەندامێکی خێزانەکە، کە پیشەی کرێکارە، ڕفاندوویانە و تەقەیان بەسەر ماڵەکەیدا کردووە.


ئەمشەو لە سنوری شارەدێی جەبارەی سەر بە شارۆچکەی خانەقین لە پارێزگای دیالە، کەسێک ڕفێنرا بەناوی ئەیاد عومەر، کە کرێکاری شارەوانی جەبارەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی، ئامانج عەبدولڕەزاق،بەرپرسی کۆمیتەی جەبارەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی داوە، چەکدارەکان جلی سەربازییان لەبەر بووە و ئۆتۆمبیلێکی جۆری تویۆتا پێک ئابـ مەرزیە-یان پێی بووە، ڕەنگەکەی بە قوڕ شاردراوەبووەوە، دوای بردنی کرێکارەکە تەقەیان بەسەر ماڵەکەدا کردووە.

وتیشی: دوای ڕفاندنی تا ئێستا هیچ سۆراغێکی نیە و چەکدارەکان بەرەو جێگایەکی نادیار هەڵهاتوون.

بەرپرسەکەی یەکێتی، وتیشی: هەرچەندە تا ئێستا نازانرێ ئەو چەکدارانە کێی بوونە،بەڵام بەهۆی ئەوەی چەتەکانی داعش لە ناوچەکە بە ئاشکرا جموجوڵیان هەیە و هاتووچۆ دەکەن، بۆیە گوومان دەکرێ ئەوان ئەو کرێکارەیان ڕفاندبێت.

 ب.ش