یەکەم پەرتکردن و دابەشکردنی خاکی کوردستانە لە نێوان قەڵەمڕەویی عوسمانیی و سەفەوییدا، ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوە و بە شەڕی چاڵدێران ناونراوە، هەتا ئێستاش ئاسەوارەکانی بەسەر ڕەوتی سیاسیی کوردسان و هەنگاوە فراوانخوازییەکانی داگیرکەرانی کوردستانەوە بەدیدەکرێن.
هەڵگیرسانی ئەو شەڕە دەرەنجامی ململانێی فراوانخوازیی و ناکۆکیی مەزهەبیی عوسمانیی و سەفەویی بوو و دووروونزیک کوردەکان لایەن نەبوون تیایدا، بەڵام کوردستان بووە گۆڕەپانی شەڕەکە و هەردوولایان هەوڵیاندەدا خاکی میزۆپۆتامیا بخەنە ژێر قەڵەمڕەویی خۆیانەوە، سەرەنجامیش بۆ یەکەمجار کوردستانیان لە ڕێککەوتنێکدا دابەشکرد بۆ دوو بەش.
شەڕی چاڵدێران، یەکەم دابەشکردنی کوردستان..ئەمڕۆ ٥٠٦ ساڵی تەواو بەسەر هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا تێپەڕدەبێت، کە کوردسانی لەڕووی سیاسیی و جوگرافییەوە خستەژێر ڕکێفی عوسمانیی و سەفەویی و هەتا چارەکی یەکەمی سەدەی ٢٠ بەوشێوەیە مایەوە.
سەرهەڵدانی ململانێی سەفەویی و عوسمانیی…
شا ئیسماعیلی کوڕی شێخ حەیدەر لە ساڵی ١٥٠١ی زاینییدا دەوڵەتی سەفەویی دامەزراند و وەرچەرخانێکی ڕیشەیی ئەنجامدا و چیتر لە فۆڕمی ئاینییدا نەمایەوە و فۆڕم و دامەزراوەی دەوڵەتی دامەزراند، لەناوچوونی شێخ حەیدەری باوکی و عەلی براگەورەی بەدەستی ئاق قۆینلەری سوننە مەزهەب و هەڵگرتنی دایکی شا ئیسماعیل لەلایەن فەرماندەیەکی ئاق قۆینلەرەوە، ڕق و کینێکی زۆری لەلای شا ئیسماعیل و موریدەکانی دروستکردبوو بەرامبەر سوننە مەزهەبەکان.
پاشخانی پەیوەندیی نێوان یارسانەکان و عەلەوییەکان لەگەڵ مەزهەبی شیعەدا بووە پشتیوانێکی بەهێز بۆ شا ئیسماعیل، هەتا ئەوکاتە کۆمەڵگەی کوردستان نەبووبوونە موسوڵمانی سوننە، بەشێکی زۆریان ئێزدیی بوون، هەرچەندە جیاوازیی لە نێوان بیروباوەڕەکاندا هەبوو، بەڵام جیاوازییەکان کۆمەڵگەی کوردستانیان لەیەک دانەبڕیبوو، لەڕووی فەرهەنگیی و دابونەریت و زمانەوە هاوبەشبوون، ئەوەش دەرفەتی گونجان و سازانی دروستکردبوو، ئەو هۆکارانەش بووە پاڵپێشتێک بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەفەویی و شا ئیسماعیل لە ماوەیەکی کورتدا هەموو کوردستان بخەنە ژێردەستی خۆیانەوە.
لە ١٥٠٨ی زایینیدا شا ئیسماعیل کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاق قۆینلەر لە ئامەد هێنا و ساڵی ١٥١٠ سنووری قەڵەمڕەویی دەوڵەتی سەفەویی گەیشە کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست.
دەوڵەتی عوسمانیش کە لە ساڵی ١٢٩٩دا لەسەر دەستی عوسمانی کوڕی ئەرتوغرول دادەمەزرێت، هەرچەندە لەگەڵ دەوڵەتی سەفەویدا لە شێوازی دروستبوون و گەشەکردنیاندا و لە ئایدۆلۆژیادا جیاوازبوون، بەڵام هەردوولایان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی دەیانخواست پاوانی خۆیان زیادبکەن و خۆیان ڕێکبخەن.
کوردستان لە سیاسەتی سەفەویی و عوسمانییدا
کوردستان بەهۆی شوێنگە جوگرافییەکەیەوە هەمیشە گرنگیی زۆری هەبووە و هەیە بۆ ئەو هێز و گروپانەی بیانەوێت لە جیهان و ناوچەکەدا باڵادەستبن، ئەم تایبەتمەندییە وایکرد هەردوو دەوڵەتی سەفەویی و عوسمانیی چاوی تێببڕن و هەوڵبدەن بیخەنە ژێر قەڵەمڕەویی خۆیانەوە، ئەمەش ململانێ و کێبڕکێی لە نێوانیاندا دروستکرد.
سەفەوییەکان بە پشتبەستن بەو سەرکەوتنە خێرایانەی بەدەستیانهێنا و نزیکی فەرهەنگی کوردستان و سەفەوییەکان لە یەکترەوە، پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت کە هەرچی زووە میر و فەرمانڕەواکانی کورد بەتێکڕا بچنە سەر ئاینزای شیعە و لەمپێناوەشدا توندوتیژییان بەکاردەهێنا، لە بەرامبەردا زانای ئایینی و فەرمانڕەواکانی کوردستانیش دەیانویست خۆیان لەگەڵ سەفەوییەکاندا بگونجێنن، بۆ ئەوەش مەلا ئدریسی بەدلیسی ڕادەسپێرن بچێت بۆلای شا ئیسماعیل، مەلا ئدریس تا ساڵی ١٥١١ هەوڵ لەگەڵ شا ئیسماعیلدا دەدات، بەڵام ناگەنە ڕێککەوتن، ئەمەش وا دەکات مەلا ئدریس ڕووبکاتە عوسمانییەکان، لەو ماوەیەدا سوڵتان سەلیم دەسەڵاتی عوسمانی دەگرێتە دەست و دەیەوێت هەنگاو بەرەو کوردستان بنێت.
هەرچەندە بەشێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان باڵادەستیی سەفەوییەکان پەسەند دەکەن و ١٦ میر و سەرۆک هۆز دەچنە لای شا ئیسماعیل، بەڵام شا ئیسماعیل دەستبەسەریان دەکات و بە مەرجی پەسەندکردنی ئەو فەرمانڕەوایانە ئازادیان دەکات، کە خۆی دایناون بۆ باکوری کوردستان و ئەرمەنستان.
ئەوەش ساردی دەخانە نێوان سەرۆک هۆزە کوردەکان و شای سەفەوی، لەلایەکی دیکەوە سوڵتانی عوسمانی بەڵێن بە مەلا ئدریسی بەدلیس دەدات کە ئەگەر کوردەکان هاوکارییان بکەن لە دژایەتییکردنی سەفەوییەکاندا، ئەوا ماف و ئازادییەکانی کوردەکان لەناوخۆدا پەسەند دەکات و دەست لە کاروباری ئاینیی و دنیاییان وەرنادات، بەمەش ٢٨ میری کورد لەگەڵ سوڵتان سەلیمدا ڕێککەوتن دەکەن.
بەڵام لەبەر نەبوونی تەبایی و نەسازانی میرە کوردەکان پێکەوە، عوسمانییەکان قازانجی ستراتیژیی دەکەن و بەشێک لە میرە کوردەکان دواتر دەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ عوسمانییەکان، کورد نەیتوانی خاوەن تەگبیربێت لە بەرامبەر ئەگەری جیاوازدا، دواجار ئەوەش ڕوویدا و کورد زیانی بەرکەوت.
شەڕی چاڵدێران
دوای ڕێککەوتنی عوسمانیی و کوردەکان، سوڵتانی عوسمانی لە ٢٨ی شوباتی ١٥١٤ هێزی خۆی کۆدەکاتەوە و بەرەو کوردستان بەڕێدەکەوێت، لە ١٣ی تەمموزی هەمان ساڵدا دەگاتە ناوچەی چاڵدێران لە پارێزگای وان-ی باکوری کوردستان، بەهۆی پشتیوانیی هۆزە کوردییەکانەوە سوپاکەی عوسمانیی ژمارەیان نزیک دەبێتەوە لە ٢٠٠ هەزار سەرباز.
شا ئیسماعیلی سەفەویی زوو هەستی بە جموجوڵێکی وەها نەکردووە و خۆی بۆ ئەو بارودۆخە ئامادە نەکردووە، ئەوکاتەی هەواڵی هێرشی عوسمانییەکان دەبیستێت دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی سنە و هەوڵدەدات سوپا ئامادەبکات، بەڵام کات لە قازانجیدا نابێت و سوڵتان سەلیمی ڕکابەری بەشێکی زۆری جوگرافیاکەی ئەوی تێپەڕکردووە، شا ئیسماعیل بە ٢٥ هەزار سەربازەوە ڕووبەڕووی سوپای عوسمانیی دەبێتەوە، سەرەنجام سوڵتان سەلیم و هۆزە کوردییەکان سەردەکەون و سوپاکەی شا ئیسماعیل تێکدەشکێنن و هەتا تەبرێزی پایتەختی سەفەویی دەگرن، ئەو شەڕەش بە شەڕی چاڵدێران ناوبانگ وەردەگرێت کە لە ٢٣ی ئابی ١٥١٤دا ڕوویداوە.
لە ئەنجامیشدا کوردستان دابەشدەبێت بەسەر دوو دەوڵەت و هێزدا، بەشی زۆری کوردستان کە باکور و باشور و ڕۆژهەڵاتە دەکەونە دەست عوسمانییەکان و بەشەکەی تریش کە بەشی خوارووی ڕۆژهەڵات و باشورە دەکەونە دەست سەفەوییەکان.
لەوەبەدوا کوردستان دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی ئەو دوو دەوڵەتە، دوای ماوەیەکی کورت لە شەڕی چاڵدێران شا ئیسماعیل هێزێکی زۆر کۆدەکاتەوە و عوسمانییەکان ناچار بە پاشەکشە دەکات و تا نزیکی ئامەد دەگرێت، زیاتر لە ساڵێک ئامەد گەمارۆ دەدات بەڵام بۆی ناگیرێت.
هەتا ساڵی ١٦٣٩ ململانێکانی ئەو دوو دەوڵەتە لەسەر کوردستان درێژەی هەبووە، سەرەنجام ڕێککەوتن لەسەر سنوورەکانیان دەکەن و بەفەرمیی کوردستانیان بۆ دوو بەش دابەشکرد، بەشی زۆری بەپێی جوگرافیای ئەمڕۆ پێکدێت لە باکوری کوردستان، باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان کەوتنە دەست عوسمانییەکان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کەوتە دەستی سەفەوییەکان، ئەم ڕێککەوتنە بە پەیمانی قەسری شیرین یان پەیمانی زەهاو-یش دەناسرێت.
عوسمانییەکان زۆرترین بەشی کوردستانیان لەو ڕێککەوتنەدا بەردەکەوێت، خۆشیان نایشارنەوە کە پەلهاویشتنیان بۆ دۆڵی دووئاوان کە بە کوردستان دەوترێت، دەرگای بەڕوودا کردنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کوردستان لە سێبەری عوسمانیی و سەفەوییدا
لەوقۆناغەدا هەتا ١٨٠٠ کوردستان زۆرترین گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک دەکرێت بڵێین کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان خەسڵەتەکانی لەو قۆناغەوە وەرگرتووە، بەتایبەتی لە گۆڕینی دیمۆگرافیا و ئەتنیکیی و ئایینی و گۆڕانکاریی لە ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان و گۆڕانی فۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەسەندنی نووسینی مێژوو و ئەدەبیاتی کوردیی و گەشەکردنی ئابووریی و پیشە لە کوردستاندا.
جارێکی دیکە پارچەکردن
دواتر و لە چارەکی یەکەمی سەدەی ٢٠ دا جارێکی دیکە کوردستان بەر دابەشکاریی دەکەوێت و ئەمجارە لە دوو پارچەوە جیادەکرێتەوە و دەکرێتە چوار پارچە، کەچی ئەمەش کوردستانی دوورنەخستەوە لە هێرشی داگیرکەران و هەتا ئەمڕۆش هێزە فروانخوازەکانی وەک دەوڵەتی تورک هەوڵی داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانە دەدەن کە لەژێر قەڵەمڕەویی سوپای عوسمانییدا بووە.
هێرشی دەوڵەتی تورک بەردەوامە
تورکیا بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی، گۆڕانکارییە هەرێمییەکان وەک هەل دەقۆزێتێتەوە، بەتایبەت لە ساڵی ٢١٠٥ەوە هێرشەکانی بۆ باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و دوای داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەیەویت داگیرکارییەکانی لە باشوری کوردستانیش بەدیبهێنێت، بۆ ئەمەش نزیکەی دوو مانگە هێرشیکی سەخت لە ناوچەی هەفتانین بەڕێوەدەبات.
ئێستاش تورکیا هاوشێوەی پێش چاڵدێران دەیەوێت لەگەڵ بەشێک لە لایەنە کوردییەکان جارێکی دیکە ڕێکبکەوێت و بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەکاریانبهێنێت، بەڵام کوردی ئێستا کوردی ٥٠٦ ساڵ پێش ئێستا نییە و ڕێکخستنێکی بەهێزی دامەزراندووە و بەرخۆدانێکی بەهێز دژ بەو هەوڵە داگیرکارییانە ئەنجامدەدات.
*سەرچاوە: پەرتووکی خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان، نووسینی دیار غەریب.
د.ع