“کاتژمێر ٠٨:٠٠ی شەو زەنگی تەلەفۆنی ماڵی وەزیری تەندروستی لێیدا، وەزیر بۆینباغەکەی شلکردبووەوە و دەیویست پشتووبدات، بەڕێوبەری گشتیی نەخۆشخانەکان لەسەر هێڵ بوو، جەنابی وەزیر دەبێت پێتان بڵێم سێ حاڵەتی تر لەو دۆخە سەیر و عاجباتییە ڕوویانداوە، هەریەکە و لە شارێک و لە جێگایەک و هەرێمێکن، تورکی ڕەسەن بەیانی لەخەو هەڵدەستن خوا تۆبە بە زمانێکی تر قسەدەکەن”.
“وەزیر دڵی دەکەوێتە ترپە ترپ، خودای گەورە هەر لەم ئافاتەمان کەمبوو، جەنابی قادر بەگ ئێستا تەلەفۆنەکە دابخە، من دەبێت لەگەڵ مەقاماتی لەخۆم باڵاتر قسەبکەم، تۆ خەبەر بدە بە خەستەخانەکان ئەو حاڵەتە بشارنەوە و باسی نەکەن و نەهێڵن دەنگوباسەکەی بچێتە دەرەوە”.
ئەمە ڕووداوێکی شەوی ٣١ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٧ی تورکیایە، لەدوای ئەم تەلەفۆنەوە حکومەت و سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان بڕیاردەدەن ئەوانەی ئەو نەخۆشییەیان هەیە (واتا ئەوانەی بەزمانی کوردی قسەدەکەن) بیانگوازنەوە بۆ شوێنێکی نهێنی و هەڵاوێردیان بکەن، نەخۆشخانەکان پاکبکەنەوە و کارمەندەکانی کەرەنتینەی ئەنکەرە دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە و تیمی تایبەتی میت لەجێگەیان دەستبەکار دەبێت، (زمانی کوردی) لای تورکە شۆڤێنییەکان کابوسێکە و بەردەوام خستونیەتە ناو نائارامترین دۆخ و نازانن چی بکەن بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری.
ئەم بەسەرهاتەی سەرەوە بەشێکە لە ڕۆمانی “داگیرکردنی تاریکی”، کە نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی نووسەرە و باس لە شانۆی ڕووداوەکانی تورکیا دەکات و کاتی ڕوودانی بەشی هەرە زۆری بەسەرهاتەکان، ساڵانی ١٩٤٥ بۆ ١٩٧٩ یە، واتە سەردەمی دوای جەنگی جیهانی دووەم تا دەگاتە کودەتا سەربازیی و فاشیستیەکەی کەنعان ئیفرین.
ڕۆمانەکە گێڕانەوەی ژیانی بنەماڵەی تاریق ئاکانسو-یە کە پرۆفیسۆرێکی زانکۆی ئەنکەرەیە و شەیدایەکی فەلسەفەی هێربەرت سبنسەر و داروینییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئاکانسو کەمالیستێکی توندڕەوە و دەیەوێت تورکیا بۆ قۆناغی دوای جەنگی جیهانی ئامادەبکات، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران «عیسمەت ئینونو»، ئەرکێکی گەورەی پێسپێردراوە تا جێبەجێی بکات.
ڕۆمانەکە باسی ئەو مێژووە خوێناوییە دەکات کە نزیکەی سەد ساڵە ناسیۆنالیستی تورکی بێ ڕەحمانە و بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کورد و ئەتنیەکانی تری ناو تورکیا دەدات، باسی پرۆسە سیاسییەکانی تورکیا دەکات کە سانسۆری زمان دەکەن.
چیرۆکەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە خەڵکانێک دەردەکەون بە زمانی تورکی قسەدەکەن، ئەمە بەزوویی بەناو دامودەزگاکانی وڵاتدا بڵاودەبێتەوە، بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە وەک بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی دەگمەن دەبینرێت، وەزیری تەندروستی و وەزیری ناوخۆ ڕادەسپێردرێن تا ئەم بابەتە چارەسەر بکەن.
ئەوانەی بە زمانی کوردیی قسە دەکەن وەک نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، دەگوزرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان و بەشی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە، دواتر هەڵاوێرد دەکرێن و لەبری کارمەندی تەندروستیی تیمێکی میت ڕادەسپێردرێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
لە دیالۆگی دوو کارەکتەری ناو ڕۆمانەکەدا بەناوی عەلی ئیحسان و دکتۆر سینان-دا باس لە ئەوانە دەکەن کە بەزمانی کوردیی قسەدەکەن، عەلی ئیحسان بە دکتۆر سینان دەڵێت: دەمێک ئێمە چووینە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، هێشتا ملیۆنەها کەس ئەگەر بەدزیشەوەبێت بەکوردی قسەیان دەکرد، پێم بڵێ ئێستا لەکوێن؟ وادابنێ ئەم نەخۆشییە دەبێتە پەتا، دەبێت بە دەردێکی وەک تاعون و لەدەست دەردەچێت، نەخۆشەکان دەبن بە سەد هەزار، بە ملیۆنێک، بە پێنج ملیۆن، ئەگەر بڕیاریاندا بیانکوژن هەموویان دەکوژن، لەوەو پێش لەگەڵ ئەرمەنەکان کردوویانە، ئێستاش دەیکەن.
لە ڕۆمانەکەدا عەلی ئیحسان کارەکتەرێکی وەرگێڕی زمانی کوردییە بۆ تورکیی، کوڕی تاریق ئاکانسویە کە پرۆفیسۆرێکی زانکۆی ئەنقەرەیە و کەمالیستێکی توندڕەوە و دەیەوێت تورکیا بۆ قۆناغی دوای جەنگی جیهانی ئامادەبکات، تاریق ئاکانسو لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ٢٠دا سەرپەرشتیی پرۆسەی قەدەغەکردنی زمانی کوردیی دەکات، بۆ ئەوەش پێویستی بە وەرگێڕێک دەبێت تا “بەزمانی قەلەباچکە، قەلەباچکەکان تێبگەیەنێت” کە مەبەست لێی کوردزمانەکانن.
تاریق بە کوڕەکەی دەڵێت: ئەمجارە کە ڕۆشتی بۆ ڕاو، دەبێت قەلەباچکەیەک ڕاو بکەیت، بە زیندووی یان بە مردوویی گرنگ نییە، من داوات لێناکەم پڵنگێکم بۆ ڕاو بکەیت، قەلەباچکەیەکم بەسە، هەموو تورکێک دەبێت بتوانێت تەقە لە قەلەباچکە بکات”.
لە دیالۆگێکی دیکەی نێوان مەهدی و زەکی ڕەزا، کە دوو کارەکتەری ڕۆمانەکەن، مەهدی بە زەکی دەڵێت: “زەکی، من جوتیاربووم، جووتیار لە هەر کەس باشتر دەزانێت هەموو زمانێکی دونیا جوانە، بەیانیان دەچیتە سەر کێڵگەکەت و دەبینیت چۆلەکە بە زمانی خۆی دەخوێنێت، پشیلە بە زمانی خۆی دەمیاوێنێت، کەر بە زمانی خۆی دەزەڕێت، بەڵام تۆ ناتوانی بە زمانی خۆت گۆرانی بڵێیت، ئەوکاتە هەستدەکەیت تۆ چەند لە حەیوان نزمتر سەیرکراویت”.
یەکەم قومی لە چاکەیدا و دەستیبرد سەری جامۆڵکەیەک ماستی لادا و نانێکی لەتکرد و وتی “کاتێک دەچیتە سەر کێڵگە و پاچ و خاکەناز هەڵدەگریت و لە ناکاو دەتەوێت گۆرانی بڵێیت و لە ترسی کۆمەڵێک ژەندرمە کە بەو ناوەدا دەڕۆن بێدەنگ دەبیت، ئەوسا تێدەگەیت کێشەکە ئەوە نییە زمانێک دەزانیت یان نایزانیت، کێشەکە ئەوە نییە دەزانی بە تورکی بە عەرد یان بە هەور دەڵێن چی و بە کوردی نایزانیت، بەڵکو ئەو کۆیلایەتییەی شانت داوەتە بەری..
مەهدی درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: لە تۆ وایە ئەم تورکانەی هاتوونەتە سەر کێڵگە و ئاوی ئێمە، بە زەبری گوللـە و قامچی و لێدان و کوشتن زمانەکەیان لە بەچە و زارۆی کورد قەدەغەکردووە غەمی زمانی تورکییان بووە؟ نا بابە…نا. ئەو زمانەی ئەوان بۆیان هێناوین هەر بۆئەوە بووە دەمێک شەقیان لێداین و پێیانوتین “فاهیشەنن ئۆغلو” باش تێبگەین دەڵێن چی، دەمێک نەڕانیان بەسەرماندا “کەپە چەنەنی” ئیدی هیچ نەڵێین، ڕاستییەکەی ئەوان نایانەوێت نە تورکی، نە کوردی، نە هیچ زمانێکی تری دونیا قسەبکەین، کاتێک کوردییان لێ سەندوینەتەوە بۆ ئەوە نەبووە تورکیمان فێربکەن، بەڵکو بۆئەوە بووە بێدەنگیمان فێربکەن”.
زەکی دەفتەر و قەڵەمەکەی خستە لاوە، وتی: مامۆستا من لە منداڵیدا کاتێک لە پۆلدا دەکەوتمە تورکی قسەکردن، وەک ئەوە وابوو بنێشتێکی تاڵ لە دەممدا بێت، هەموو ژیانم وا هەستمکردووە بنێشتێکی تاڵ لە دەممدایە.
“من گەرچی دەبینی ڕەوان تورکی قسەدەکەم، بەس کاتێک تورکی بەکاردەهێنم هەستی کەسێکم هەیە بە کەوچکێکی پیس نان بخوات، زمانی تورکی زمانێکی بێعەیبە، زمانێکی جوانە وەک هەر زمانێکی تری دونیا، گەر تورکەکان بە شەق و بەزەبر بە سەرماندا نەیانسەپاندایە دوور نەبوو زۆر لەزەت لە فێربوونی ببینین، بەڵام دەوڵەتی تورک زمانەکەی بەوجۆرە بەسەرماندا سەپاند، وەک کەوچکێک لە پیسایی هەڵکێشیت و بیدەیتە دەست یەکێک و بڵێیت دەی هەر دەبێت بەوە نان بخۆیت، دەوڵەتی تورک ئاوها لەگەڵ ئێمەدا ڕەفتاردەکات، گەر دڵت تێکەڵبێت، گەر هێڵنج بدەیت ئەوە پەیوەندیی نە بەخواردنەکە و نە بە کەوچکەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو کەسەوە هەیە کەوچکەکەی پیسکردووە”.
بەکورتی بەختیار عەلی، نووسەر لە ڕۆمانی “داگیرکردنی تاریکی”دا دەیەوێت لە کورترین پێناسەدا پێمان بڵێت فاشیزمی تورکی بە هەموو شێوەیەک زمان، بوون و شوناسی کوردی ڕەتدەکاتەوە، وە هەموو ڕێکارێک دەگرێتە بەر بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان لە تورکیادا.
ک.س