گوندنشینانی سنووری شارەدێی ناڵپارێز بەدەست کولـلەوە هەراسان بوون، باخەکانی هەنار، قەیسی و قۆخ، بەرهەمەکانی تەماتە، کولەکە و خەیار هەمووی بوون بە خۆراکی کولـلەکان و کەسیش لەخەمی جووتیارانیدا نییە، داواکانیان دەگەیەنین و ئەوانیش لە چاوەڕوانی هاوکارییدان.
بڵاوبوونەوەی کولـلە لەم ناوچەیەی سنووری شارۆچکەی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی چەند ساڵێکە بەردەوامە، بەهۆی هەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنی، ئەمساڵ بەڕێژەیەکی زیاتر بڵاوبووەتەوە و هاوکات بە کەمیی باران زیانێکی زۆری بە کشتوکاڵ گەیاندووە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرماو وشكبوونی گژوگیای شاخەكان، كولـلە سەرهەڵدەدات و دێتەخوارەوە بۆ ناو باخ و كێڵگە كشتووكاڵییەكان و زیانێكی زۆر جێدەهێڵێت، ئەمەش ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە بە ڕشتنی دەرمانی تایبەت لەناوی ببات.
ئێمە بۆ گەیاندنی گرفتی هاوڵاتیان هاتووینەتە گوندی هەرزەلە لە سنووری شارەدێی ناڵپارێز، ناسكە عەلی دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت، کولـلە وای کردووە هیچیان بۆ نەکرێت و زیانی زۆری بە باخەکانیان گەیاندووە و بەرهەمی تەماتەشی لەناوبردووە، ناسکە داوا دەکات، حكومەت دەرمانیان بۆ دابین بكات بۆ لەناوبردنی کولـلەکان.

وەک دانیشتووانی گوندی هەرزە دەڵێن، لە دوای ڕاپەڕێنی ١٩٩١ـەوە کولـلە بەمشێوە زۆرە بوونی نەبووە، ئێستاش ساڵانە زیاتر دەبێت و زیانێکی زۆریان لێ دەدات، بەتایبەت لە باخەکان و بەرهەمەکانی تەماتە، کولەکە و خەیار.
خاوەر حەمەنادر ژنێكی دیكەی ئەم گوندەیە، ئەو دەڵێت خۆیان هەوڵیان داوە بە دەرمان لە کولـلە خۆیان ڕزگاربکەن بەڵام سوودی نەبووە، دەڵێت لە هەرباخێک دەدەن لە شەووڕۆژێکدا وێرانی دەکەن و دەیخۆن، کە باخەکانیان داری قەیسی، هەنار و قۆخە.

گوندنشینان داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار کرد هاوکارییان بکەن، لە بەرامبەردا هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری شارەدێی ناڵپارێز لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە وەڵام دەداتەوە و ئەویش داوا لە وەزارەتی کشتووکاڵ دەکات هاوکارییان بکات.

هێمن ئیبراهیم وتی: حکومەت هاوکارمانە، بەڵام ئەو بڕە دەرمانەی بۆمان دابیندەكات زۆر كەمە و بەش ناكات، پێویستی بە توانایەكی مرۆی زیاترە بۆ ئەوەی بەتەواوی كولـلەکان لەناوبەرین.
بەڕێوەبەری شارەدێیەکەش داوای کرد، هەرچی زووە لیژنەیەكی كشتوكاڵی تایبەت سەردانی ناوچەکە بکەن و چارەسەری پەلەی دۆخەکە بکەن.
ئێمە داواکانی هاوڵاتیانمان گەیاندە کشتووکاڵی ناڵپارێزیش، ئەوانیش دەڵێن، وەزارەتی كشتوكاڵ بڕی تەنها ٨٠ لیتر دەرمانی بۆ لە ناوبردنی مێرووە زیانبەخشەكان دابینکردووە، ٨٠ لیتر دابەشکراوە بەسەر گوندەکانی سنوورەکە هیچ گوندێک لیتر و نیوێکیشی ناکەوێت و ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە.
لە سنووری شارەدێی ناڵپارێز ٥٤ گوند هەیە، لە زۆربەی گوندەكاندا مێرووی كولـلە بڵاوبووەتەوە و زیانێكی زۆریی گەیاندووە بە باخ و كشتوكاڵی ناوچەكە.
س.ح