پێنجشەممە, 7 يون 2018 – 11:39 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دوێنێ هاکان قەرەچای، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ی کردووە لەبارەگای مەکتەبی سیاسیی لە شاری هەولێر.
هەر بەپێی ماڵپەڕەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئاماژەی بە سیاسەتی نەگۆڕی یەکێتی کردووە لەبەرامبەر دەوڵەتی تورک و پەکەکە باسی لە هەوڵ و تێکۆشانەکانی یەکێتی کردووە لەدانوستاندنی (بیقاع) لەساڵی 1993 کە بۆ راگرتنی شەڕی یەکلایەنە لە نێوان تورکیا و (پەکەکە) بەناوبژیوانی مام جەلال تاڵەبانی.
پیرە، ڕاشیگەیاندووە:”لەو کاتەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر ئەم پرسە نەگۆڕە، هەوڵ و تێکۆشین و خەباتمان لەپێناو چارەسەری ئاشتیانەی هەموو کێشە و ململانێیەکانە لەڕێگەی گفتوگۆ نەک بە شەڕ و کوشتار”.
هەروەها، وتویەتی:”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناخوازێت دڵۆپێک خوێن لەژێر هەر ناوێک لە کورد یان تورک و هەر پێکهاتەیەکی تر بڕژێت، بۆیە پێداچوونەوەی وردتر لە هەوڵێستی تورکیا گرنگە و زامنی پاراستنی ئاشتیە لە ناوچەکەدا”.
ئەو سەردانە لەکاتێکدایە، کە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک کۆماریی تورکیا بەڕێوەدەچێت و ئاکەپە دەیەوێت بە داگیرکردنی باشوری کوردستان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کورد، دەنگی نەتەوە پەرستەکان بەدەستبهێنێت و زەڕبە لە هەدەپە بدات، بۆئەمەش پێدەچێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی باشور و عێراق-یشدا کۆببێتەوە و بۆچوونیان لەوبارەیەوە بزانێت.
ش.ف