کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لەگەڵ نوێنەری دەستگیرکراوەکانی بادینان کۆبوەوە و جەختیان لە ئازادیی ڕادەربڕین و كاری ڕۆژنامەوانی كردەوە.
ئەیھان سەعید لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك، بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ کلێمێنس سێمتنەر، کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵێی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان، سەردانی کردون و لە کۆبوونەوەیەکدا، پشتیوانیی خۆی بۆ پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی دەربڕیوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کلێمێنس سێمتنەر لەگەڵ ئەیھان سەعید باسی ئازادیی ڕادەربڕین و زیندانییانی بادینانی کرد و هاوكات باسیشیان لە دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆسیەكە کرد.
ئەم سەردانەی کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، بە تۆمەتی پاڵپشتیی بۆ زیندانییانی بادینان، بڕیاری گرتن بۆ ئەیھان سەعید دەرچوە، بەڵام ناوبراو پێشتر ڕایگەیاندبوو: “ئێمە ناوەستین تا برا و ھاوڕێکانمان کە بە ناحەق زیندانیکراون، ئازاد دەکرێن”.
دوای شەش مانگ لە زیندانییکردنیان، ڕۆژی ١٦ شوباتی ٢٠٢١ ، دادگای هەولێر بڕیاری شەش ساڵ زیندانییکردنی بەسەر پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سنووری بادیناندا سەپاند، ئەوانیش (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا) بوون و ئەوەش كاردانەوە و ناڕەزایەتییەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
ئـ ت