کوڕەکانی خاشقچی لە خوێنی باوکیان خۆشبوون

یەکێک لە کوڕەکانی جەمال خاشقچی، کە بەدەستی دەزگای سیخوڕیی سعودیە لە کۆنسوڵگەری سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژرا، ڕایگەیاند، کە خۆی و براکانی لە خوێنی باوکیان خۆشبوون.


ئەمڕۆ سەڵاح خاشقچی کوڕی جەمال خاشقچی، ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری خەڵکی سعودیە، بەیاننامەیەکی لەسەر تویتەرەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە ڕایگەیاند، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە بکوژانی باوکیان خۆشدەبن.

سەڵاح خاشقچی، نووسیویەتی: "ئەوەی لێدەبوورێت، خودا پاداشتی دەدات، بۆیە وەک کوڕەکانی شەهید جەمال خاشقچی، لەوانە خۆشدەبین کە باوکی ئێمەیان کوشت و پاداشتمان لە خودا وەردەگرین".

دوابەدوای ئەم تویتە، خەدیجە جەنگیز، کە دەزگیرانی جەمال خاشقچی بووە و خەڵکی تورکیایە، نارەزایەتی خۆی لە بڕیاری کوڕەکانی خاشقچی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە؛ "هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە لە بکوژانی جەمال خۆشبێت".

جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسێكی ڕەخنەگریی سعودی بوو، ڕەخنەی لە دەسەڵاتی سعودیە دەگرت، ماوەیەك بوو وڵاتەكەی جێهێشتبوو و لە ئەمریكا دەژیا، ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨، بۆ كارێكی تایبەت بە هاوسەرگیری، سەردانی کۆنسوڵخانەی سعودیەی لە ئیستەنبوڵ کرد، بەڵام لەو کاتەوە بێسەروشوێن بوو، دواتر دەنگۆی كوشتنی بڵاوبووەوە، تا لە ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، سعودیە بە فەرمی مردنی خاشقچیی لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئەستەنبوڵ ڕاگەیاند.

ک.س