کژار: گەلەکۆمە قووڵکردنەوەی شەڕێ جیهانی سێیەمە

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو هێزە گەلەکۆمەکەرەکانی شەرمەزارکردووە و ڕایدەگەینێت، کە گەلەکۆمە قوڵکردنەوەی شەڕی جیهانی سێیەمە لەسەر خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتیش لە کوردستان.


ئەمڕۆ کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لەسەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیدا هەموو هێزە گەلەکۆمەکەر و قڕکەرەکان شەرمەزار دەکەین، ئەمە ٢١ ساڵە کە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی بەرامبەر ئەشکەنجەکان بەرخۆدان دەکات، بە خۆشەویستی و گرێدراوی بێکۆتایی سڵاو لە ئیرادە و ناسنامەی ئازادی خۆمان، ئەندازیاری ژیانی ئازاد ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، بەڵێن دەدەین، تێکۆشانمان بەرز بکەین، سیستمی ئیمرالی بشکێنین و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادی بژین.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: ئەم گەلەکۆمەیە قووڵکردنەوەی شەڕی جیهانی سێیەم بوو، لەسەر خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی و کوردستان بەتایبەت، بەو گەلەکۆمەیە ویستیان ڕێبەر ئاپۆ بە جەستە لەناو ببەن و بزوتنەوەی  ئازادیی پاکتاو بکەن و بەم شێوەیە قڕکردنی گەلی کورد جێبەجێی بکەن.

هەروەها هاتووە: وەک کژار بە دروشمی "دژی هەر جۆرە قڕکردن و گەلەکۆمەیەک، یەکبگرن، تێکۆشان بکەن و ئازاد ببن"، لە بەرامبەر هێزە قڕکەر و گەلەکۆمەکەرەکان لە سەرویانەوە ژنانی گەنج، دایکانی بەرخۆدێر، هەموو گەلەکەمان لەهەر گۆڕەپانێکی ژیان تێکۆشانمان بەرز دەکەین و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادی دەژین.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، هاتووە: لە خەتی ئازادی ژندا بە مسۆگەرکردنی بەڕێوەبردنی شۆڕش، ئازادی ژنان و ئازادی گەلان، دەگاتە شکاندنی گۆشەگیری و تێکشکاندنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی.

س.ح