“کۆبانێ چیتر خەمگین نییە..سەر بڵندە” ئەمە وتەی موسای قەناس بەدەستبوو، کە یەکێکە لە سیمبۆلەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ، لە چرکەساتی ئازادکردنی لە چنگی داعش و پێش شەش ساڵ و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، کۆبانێ بوو بە دیداری پاڵەوانانی چوار پارچەی کوردستان و تێیدا خۆری ئازادیخوازان هەڵهات بەسەر تاریکترین هێزدا.
لەگەڵ سەرهەڵدانی گەلان لە دژی ڕژێمی ئەسەد، لە شاری کۆبانێ و لە ١٩ی مانگی حەوتی(تەمموز) ٢٠١٢ دا، یەکەم چەخماخەی شۆڕش لێدرا، کوردانی شارەکە بە ڕاپەڕینی جەماوەری ڕژێمیان ڕاماڵی و شارەکەیان ئازاد کرد، ئەمەش بوو بە لانکە و مەتەرێزێک بۆ هەناسەکانی سەرەتا و چەکەرەکردنی شۆڕشی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی گەلان، پریشکی ئەم شۆڕشە بەشێکی سەرەکی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.
شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە یەکەم چەخماخەی لە شاری کۆبانێ-وە لێدرا و بە خێراییەکی زۆر توانیی سەرجەم گەلان و پێکهاتەکانی هەرێمەکە لەژێر سیستمێکی پێکەوەژیانیدا کۆبکاتەوە، ئەم دەستکەوتانە بۆ داڕێژەرانی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە هەزم نەکرا و بەمەبەستی سڕینەوەی گەلان و پێکهاتەکانی ئەم هەرێمە، دەوڵەتی تورک و خودی ئەردۆغان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان خستەگەڕ بۆ کەوتنی شۆڕشەکە.
کۆبانێ لە ڕابردووشدا لانکە و مەڵۆی شۆڕشگێڕان بووە و عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ، لە ١ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٩ لە یەکەم کۆچی مێژوویی خۆیدا چووەتە شاری کۆبانێ و لەوێوە لە ناو دۆخێکی دژوار و بێ توانستیدا، دەرفەت و توانستی بۆ تەڤگەری پەکەکە خوڵقاندووە، ئەمەش ترسێکی زیاتری لە دڵی ئەردۆغان-دا چاندبوو.
لە ڕێگای چەتەکانی داعشەوە دڕندانەترین هێرش بۆ سەرکوتکردنی ئەو شۆڕشە و ڕەشکردنی ناسنامەی بەرخۆدان لەو کۆبانێ و گۆڕینی لە لانکەی ئازادیخوازانەوە بۆ لانکەی تاریکترین هێز دەستیپێکرد.
دەستپێکردنی هێرش بۆسەر کۆبانێ
لە مانگی هەشت (ئاب)ی ساڵی ٢٠١٣ دا چەتەکانی بە ناو سوپای ئازاد و جەبهەت ئەلنوسرە گەمارۆی شاری کۆبانێ-یان دا، گەمارۆ خرایە سەر تێپەڕبوونی خۆراک و دەرمان و جوڵەی هاوڵاتییان، هەروەها کارەبا و ئاو و ئینتەرنێتیان لەسەر بڕین، تا ئەوکاتەی گروپە چەتەکانی داعش لە شارەکە نزیک بوونەوە و دەستییان بەسەر چەندین شوێنی ناوچەکەدا گرت، ئەرکی جەبهەت ئەلنوسرە لە شەڕ و گەمارۆکەی تەواوبوو.
دواتر لە ١٥ی مانگی ٩ (ئەیلول)ی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش بە هاوکاریی دەوڵەتی تورک و ئەو چەکە قورسانەی کە لە موسڵ دەستیان کەوتبوو لە چەندین لاوە هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژن- یەپەژە، دوای ئەوەی هاوڵاتییانی گوندەکانیان گواستەوە بۆ ناوچەی ئارام، بەبێ هیچ پشتیوانییەکی دەرەکی و چەکی قورس، تەنها بە چەکی ئیرادە و بەرخۆدانی خۆیان لاپەڕەیەکی نوێیان لە مێژووی بەرخۆدانی کورداندا نەخشاند.
لە سەروبەندی کەوتنی موسڵ لە عێراق و ڕەقا لە سوریا، هەموو ئەگەرەکان بە ئاراستەی کەوتنی کۆبانێ بوون، هاوکات بە بەراوردکردنی کەمی ژمارەی شەڕڤانان و چەکە سادەکانیان، بەرامبەر بە هێزێکی دڕندە و پڕ چەکی وەک چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک، بەڵام کۆبانێ بڕیاری بەرخۆدانیدا و پارێزەرانیی دروشمی “کۆبانێ ناکەوێت..سەرکەوتن یان سەرکەوتن”یان لە بەرۆکی خۆیان دا.
لە جیهانەوە خاوەنداریکردن لە کۆبانێ
بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانان گورزی کوشندەی لە چەتەکاندا و بەمەش باری دەروونی تورکیا وەک داعش تێکشکا، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی چەتەکان، سەرۆک کۆماری تورک ئەردۆغان، لە بەردەم میدیاکاندا دەی قیڕاند:”کۆبانێ کەوتووە و دەکەوێت”، ئەو وتانە گەلی کوردی ڕق ئەستورترکرد و بە ملیۆنان ئازادیخواز لە سەرتاسەری کوردستان و تورکیا و ئەوروپا چالاکی جەماوەریان ئەنجام دا، بە دروشمی “هەتا کوردێک بمێنێ کۆبانێ هەر دەمێنێ”.
سەفەربەری لاوانی کورد بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ
لەسەرەتای بەرخۆدانی کۆبانێ-دا، کاتێک شاندێکی هەدەپە سەردانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن لە دورگەی ئیمرالی، بانگی سەفەربەری دەکات بۆ پاراستنی کۆبانێ، لەدوای ئەو بانگەوازییەوە بە هەزاران گەنجی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان و جیهانەوە سەفەربەری ڕۆژئاوای کوردستان بوون و لەو قۆناغەدا بەرخۆدان گەیشتە بەرزترین ئاست.
گەشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ سەنگەرەکانی گەریلا و شەرڤان
هەروەها لە ڕۆژی ٢٢ی مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٤، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردن لە کۆبانێ کۆبوونەوە و بڕیاریاندا بە ڕەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە، ئەوەبوو لە ٣١ی هەمان مانگ هێزێکی پێشمەرگە بە چەکی قورسەوە گەشتنە کۆبانێ، بۆجاری یەکەم پێشمەرگە، گەریلا و شەڕڤان لە ناو یەک سەنگەردا لولەی چەکەکانیان کردە دوژمن.
کۆبانێ سنوورە دەستکردەکانی هەڵوەشاندەوە و بوو بە سیمبۆلی یەکێتی نەتەوەیی، نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو ئەم چەخماخەیە لە سەرتاسەری دونیاوە، کەسانی ئینتەرناسیۆنالی بۆ بەرگرییکردن لە مرۆڤاتیی هێنایە ڕۆژئاوای کوردستان و لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، خوێنیان تێکەڵ بە خاکی کوردستان بوو.
یەپەگە بە بەرخۆدانی کۆبانێ کوردانی هێنایە لای یەک و ڕێگەی لەبەر یەکێتی نەتەوەیی کردەوە و ڕۆحی یەکبوونی بەرز کردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان کە لەسەرەتای هێرشەکەدا بێدەنگ بوون، پاش ئەوەی بەرخۆدانی شەڕڤانانیان بینی، بەشێوەیەکی سنووردار هێرشی ئاسمانیان کردە سەر داعش، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەبەرخۆدانێکی ئەفسانەیی ئەو هەوڵە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەی کە بە پشتگیری دەوڵەتی تورک دەکرا تێکشاند.ئازادکردنی کۆبانێ و تێکشکاندنی داعش
کۆبانێ پاش ١٣٤ ڕۆژ خۆڕاگریی قارەمانانە، مێژوویەکی نوێی بۆ گەلی کورد نووسییەوە و سەرئەنجام ڕۆژی ٢٦ی ١ی ساڵی ٢٠١٥ کۆبانێ لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا و ئازادبوونی شارەکە ڕاگەیەندرا و شیرازەی تیرۆر و ئەو ڕێکخراوانەی کە دەوڵەتی تورک پشتیوانی لێ دەکردن، لە کۆبانێ-ەوە دەستی بە هەڵوەشانەوە کرد.
ئامارەکانی جەنگ دوای ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدان و ڕادەست نەبوون.
– لە ئەنجامی جەنگ ٪٨٠ی شارەکە خاپوور و وێرانبوو.
-٤٩هاوڵاتی کۆبانێ لە کاتی بەرگریدا شەهیدبوون.
-٢٦٢هاوڵاتی لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکانی سەر شارەکە شەهیدبوون.
– زیاتر لە ٥٥٠ هاوڵاتی برینداربوون.
-نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی شارەکە ئاوارەبوون.
-زیاتر لە شەش هەزار چەتەی داعش کوژران
-نزیکەی ٤٠٠ گەریلا و شەڕڤان شەهیدبوون.
-نزیکەی ٣٠٠ خۆبەخش شەهیدبوون، کە لە پارچەکانی دیکەوە هاتبوون.
-پێشمەرگەیەک شەهیدبوو.
کۆبانێ، درزی هەڵوەشاندنەوەی چەتەکانی داعش
ئازادکردنی کۆبانێ درزێکی گەورەی خستە شیرازەی گروپە چەتەکانی داعش و لە کۆتاییشدا بووە هۆی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنیان، شەڕڤانانی قەسەدە لە چوارچێوەی هەنگاوی گەردەلولی جزیرەدا بۆ لە ناوبردنی تیرۆر، هەتاکوو شارۆچکەی باغۆز گرووپە چەتەکانیان ڕاماڵی و لە دوایین وێستگەشدا، ڕۆژی ٢١ی ئازار واتا ڕۆژی نەورۆزی ٢٠١٩، قەسەدە ڕزگارکردنی شارۆچکەی باغۆزیان ڕاگەیاند، کە دوایین مۆڵگەی چەتەکانی داعش بوو، بەوەش کۆتاییان بەدەسەڵاتی چەتەکان هێنا لەسەر خاکی سوریا.
کۆبانێ دوای جەنگ
دوای ڕزگارکردنی کۆبانێ، سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە شارەکەدا پێشکەوت و دەستبەجێ هەڵمەتی نۆژەنگکردنەوە و سڕینەوەی پاشماوەکانی جەنگ دەستپێکرد، لەو ماوەیەشدا توانییان کۆبانێ دووبارە بکەنەوە شوێنی ژیان و لە وێرانەیەکی جەنگەوە کرا بە شارێکی ئاوەدان و ڕەنگین.
ئامارەکانی ئیدارەی خۆسەری کانتۆنی کۆبانێ سەبارەت بە دیارترین نۆژەنکارییەکانیان لە دوای جەنگەوە تا ئەمڕۆ وەهایە:
– بە ماوەی شەش مانگ شارەکە لە پاشماوەی جەنگ پاککرایەوە.
– وێڕای نۆژەنکردنەوەی هەموو خوێندنگاکانی کۆبانێ، کە لەو شەڕدا ڕووخابوون، دوو خوێندنگای دیکەش دروستکران.
– ٨٢٥ کم ڕێگا دروستکران و ٣٠٠ کم ڕێگا قیرتاوکران.
– چوار حەوزی ئاو دروستکراون و ٣٠ هەزار مەتر کەناڵی ئاویی دروستکراون.
– پێنج پارک دروستکران و دوو دارستان دار نێژراون.
– ١٧١ وێستەی کارەبا دانراون لەگەڵ چەقاندنی ١٨٥٤ ستوونی کارەبا.
– ١١٤هەزار و ٨٠٣ مەتر زەوی بەسەر خەڵکدا دابەشکراون.
– ١١ شارەوانی و پێنج دەزگای ئاو و دەزگای کارەبا و ژینگەپارێزی دامەزراون.
لە هەموو شتێک گرنگتر گەلی کۆبانێ جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە سەر واری خۆیان و لە ئێستادا بەشێک لە پەنابەرانی هەرێمەکانی دیکەش ڕوویان لە کۆبانێ کردووە و ژمارەی دانیشتوانی ئێستای شارەکە نزیکەی دوو هێندەی پێشووە.
س.ح