کۆبانێ و جزیرە بۆ دیار غەریب ڕێپێوانیان ئەنجامدا

هەزاران کەس لە هاوڵاتیانی هەرێمی جزیرە بەڕێپێوان بەشداریی پرسەی دیار غەریب بوون، گەنجانی شۆڕشگێڕی کۆبانێش بە دروشمی "بۆ شکاندنی داگیرکاریی سەرهەڵدە" ڕێپێوانیان ئەنجامدا.


دوێنێ لە هەرێمەکانی فورات و جزیرە هەزاران کەس لە پێکهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دژی داگیرکاریی و بۆ بەرزڕاگرتنی خەباتی شەهید دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی جزیرە مەراسیمێکی پرسەیان لەیاریگای کۆرنیشی شاری دێرک بۆ شەهید دیار غەریب بەڕێوەبرد، دوێنێ لە دوووەمین ڕۆژیدا هەزاران کەس لە هاوڵاتیانی هەرێمی جزیرە بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.

هەروەها هەر دوێنێ یەکێتی گەنجانی شۆڕشگێڕ-ی شاری کۆبانی لەژێر دروشمی "بۆ شکاندنی داگیرکاریی سەرهەڵدە" ڕێپێوانێکی بەمەشخەڵیان ئەنجامدا، لەڕێپێوانەکەدا گەنجان دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، بە ئامانجکردنی خەڵکی مەدەنیی و گوندەکانی باشوری کوردستان دروشمیان وتەوە و وێنەکانی دیار غەریب-یان بەرزکردەوە و ڕێزیان لە خەباتی گرت.

س.ح