کۆبوونەوەکانی لیژنەی لامەرکەزییەت درێژەیان دەبێت

کۆبوونەوەکانی لیژنەی لامەرکەزییەت لە سلێمانی درێژەیان هەیە، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەی لامەرکەزییەتیش دەڵێت: تائێستا ڕەشنووسی پرۆژەکە ئامادەنەکراوە و کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ شارەزیان و پسپۆڕانی لامەرکەزیەت دەبێت.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لیژنەی ئامادەکاریی ڕەشنووسی پڕۆژەی لامەرکەزی لە بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە وەرگرتنی ڕای لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر سیستمی لامەرکەزییەت، لەگەڵ هەر یەک لە نوێنەرانی فراکسیۆنەکان، نوێنەری گەنجینەکانی هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، پارێزگای هەڵەبجە، بانکی هەرێم، بەڕێوبەرایەتی ئەوقاف و وەبەرهێنان، کۆبوەوە.

دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە لایەن بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنی ڕەشنوسی پرۆژەی لامەرکەزییەت، ئەنجامدرا، تێیدا، وتی: هێڵکاری گشتی پڕۆژەکەمان داناوە و دەست دەکەین بە نووسینەوەی ڕەشنووسەکە، لە داهاتوودا سەردانی هەریەک لە پارێزگای دهۆک و هەولێر دەکەین و ئەمە شتێک نییە تایبەت بە تەنیا سلێمانی، چونکە ئەوانیش هەمان کێشەی دارایی و کارگێڕییان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا: بابەتی لامەرکەزیەت هیچ سیاسیی نییە چ بۆ دەرەوە بێت یا ناوەوە، ئێمە بە ڕێژەیی داوای داهاتەکان دەکەین نەک هەمووی، پرۆسەکەش دوور و درێژە.

سەبارەت بە کاریگەریی سیستمی فیدراڵی لەسەر لامەرکەزییەتیش، وتی: عێراق بریتییە لە دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێمی لۆکاڵی، بۆیە هیچ گۆڕانکارییەک نایەتە ئاراوە سەبارەت بە فیدراڵیەت.

بەپێی زانیارییەکان ئەم کۆبوونەیە کۆتا کۆبوونەوەی لیژنەکەیە لەگەڵ فەرمانگە و بەڕێوبەرە گشتییەکانی سنوری سلیمانی، بڕیاریشە کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ شارەزیان و پسپۆڕانی لامەرکەزیەت بێت.

ک.س